خۆپێشاندانی ژنان هێلی شەمەندەفەری ئیسپانیای وەستاند

:: PM:02:11:08/03/2018 ‌
زۆرێك لە شەمەندەفەرەكانی وڵاتی ئیسپانیا، بەهۆی خۆپێشاندانی ژنان لە هەشتی مارس كە ڕۆژی جیهانی ژنانە، لە كار كەوتن و نەیانتوانی گەشتەكانیان بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم  ڕۆژی ژنانی دنیایە، ژنانی ئیسپانیا خۆپێشاندانیان بەرانبەر نادادپەروەری و جیاوازیكردن لە نێوان پیاو و ژن لەو وڵاتەدا كرد، بەم هۆیەشەوە زۆێك لە شەمەندەفەرەكان گەشتەكانیان وەستا و خۆپێشاندارەكان هێلی شەمەندەفەری وڵاتەكەیان لە كار خست.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئیسپانیا ڕای گەیاند، 300 شەمەندەفەر ئەمڕۆ پێنجشەم  نەیانتوانی كار بكەن.

خۆپێشاندانەكە 24 سەعات دەخایەنێت و 10 ڕێكخراو و لایەنی وڵاتەكە تێیدا بەشدارییان كردووە و بووەتە بابەتێكی گەورەی گفتوگۆ.

لەتەك خۆپێشاندانەكە، ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئیسپانیا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان مانیان گرت، بڕیاریان دا ئەم ڕۆژە هیچ پارەیەك خەرج نەكەن و واز لە كاروباری ناوماڵ بێنن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەك  كە لە  لایەن ڕۆژنامەی ئێلپایسی ئیسپانیاوە ئەنجام دراوە، تێیدا هەزار و 500 بە نموونە وەرگیراون و هەڵوێستیان لەسەر مانگرتنی ژنان دەربڕیووە و  دەركەوتووە %82 ی بەشدارانی ڕاپرسییەكە لەگەڵ مانگرتنەكەدان و %76 لە باوەڕەدان ژیانی ژنان لەم وڵاتە زۆر قورسترە بە بەراورد لەگەڵ پیاوان.

ساڵانە لە هەشتی مارس لە زۆرێك لە وڵاتانی دنیا ژنان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایی و چالاكی جۆراوجۆرەوە ئەم یادە دەكەنەوە، دەیانەوێ دەنگی خۆیان بە ناوەندەكانی دەسەڵات بگەیەنن، بۆ ئەمساڵیش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە وڵاتانی دنیا كرد، ژنان بەشێوەیەكی كاراكتر بهێننە ناو دەسەڵات و یەكسانی لە بەڕێوەبردن بێننە كایەوە.

وشە/ پەیام محەمەد



وشە - تایبه‌ت