بەپەلە.. گرووپێكی ڕفاندنی هاووڵاتییان لە هەولێر گیران

:: PM:04:24:08/03/2018 ‌
گرووپێكی ڕفاندنی هاووڵاتییان كە لە نۆ كورد و دوو كەسی عەرەب پێكهاتوون لە هەولێر گیران كە ویستوویانە چەند كەسێك بڕفێنن و سەرپەرشتیاری گرووپەكەیش پێشتر لەگەڵ دەزگەی زانیاری یەكێتی كاری كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئادار/مارس، سەرچاوەیەكی تەناهی لە هەولێر، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، گرووپێكی ڕفاندنی هاووڵاتییان كە لە نۆ كورد و دوو كەسی عەرەب پێكهاتوون گیراون كە پیلانی رفاندنی سێ‌ كەسی عەرەب و كەسێكی شەبەكیان لە هەولێر داڕشتبوو، دوو جاریش هەوڵەكانیان شكستی هێناوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە تەناهییەكە لە ڕۆژی 21ی شوبات، گرووپەكە سەرمایەدارێكی عەرەبی خەڵكی پارێزگای ئەنباریان بە ناوی "كەریم محەمەد" لە شارەدێی عەنكاوە لە هەولێر رفاندووە و  دواتر بە هەوڵی ئاسایشی هەولێر كەسە ڕفێنراوەكە ئازاد كراوە و چەند ئەندامێكی گرووپەكەیش گیراون.

سەرچاوەكە وردەكاری زیاتری خستە ڕوو، "ڕۆژی یەكی ئەم مانگە ئادار/مارس, كەسێك بەناوی (س . ئ) كە پێشتر لەگەڵ دەزگەی زانیاری یەكێتی كاری كردووە و دانیشتووی یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێرە و بەرپرسیارییەتی گرووپەكەی لە ئەستۆ بووە، لە ڕۆژی یەكی ئەم مانگە لە بازگەی دێگەڵە گیراوە"

"ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو گرووپە و بەرپرسەكەیان بەردەوامە كە ناسناوی (س خەتف)ی هەیە" سەرچاوەكە وای گوت.




وشە - تایبه‌ت