پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوای وردبینی لە داهاتی سلێمانی دەكات" />

"متمانەم بە هیچ نەماوە"
پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوای وردبینی لە داهاتی سلێمانی دەكات

:: PM:04:43:11/10/2016 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی بە پێویستی دەزانێت داهاتەكانی سلێمانی بە وردبینییەوە رابگەیەنرێت و پێشنیازی پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی دەكات بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە داهاتەكانی پارێزگای سلێمانی.

د. رێواز فایەق ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رای گەیاند، پارێزگاری سلێمانی، بەرپرسانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆكەكانی، لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكانی لامەركەزیەتی كارگێڕی (ئەگەر هەبێت)، دەسەڵاتی خەرج كردنی داهاتە ناوخۆییەكانیان هەیە بۆ پێداویستی سنووری كارگێڕییان.

روونی دەكاتەوە، "بەڵام كاتێك پەرلەمانتارێك بە روونی و بێ‌ شاردنەوە دەڵێت، پارێزگار بە وەكالەت، جێگری پارێزگار كە ئەندامی حزبەكەیەتی، پێی راگەیاندووە ئاگای لە خەرجكردنی داهاتی سلێمانی نییە، داهاتێك كە خۆی لە دەیان ملیار دینار دەبێنێتەوە، ئیتر بێدەنگ بوون لەمە، لەلایەن دامەزراوە فەرمییەكانی چاودێری دارایی، پەرلەمانتاران-یەكێتییەكان پێش حزبەكانی تر، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا-یەكێتییەكان پێش حزبەكانی تر، حزبە سیاسییەكان-یەكێتی پێش حزبەكانی تر، گومانی جدی لەسەر راستگۆییان دروست دەكات و مۆراڵی سیاسی و پیشەییان دەخاتە ژێر پرسیار و گومانی رژدەوە".

لەو روانگەیەوە، سەرەڕای دەستخۆشی بەرامبەر بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دروستكردنی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان، داوا دەكات لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی كوردستان(دارایی، پیشەسازی و وزە و لیژنەی دەستپاكی)، كۆبوونەوەی هاوبەش بكەن و چوار گرووپ بۆ بەدواداچوونی راستی داهاتە ناوخۆییەكانی هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و چۆنیەتی خەرجكردنیان دروست بكەن.

زیاتر دەڵێ‌، "ئەوكات دەردەكەوێت لەجێنفوزی كام حزب ئاستەنگ بۆ كاری دەركەوتنی راستییەكان دروست دەكرێت و لەكوێ‌ حزب لەجیاتی دامەزراوەی فەرمی حوكم دەكات. چونكە بەشبەحاڵی خۆم دۆخەكەم وا لێ‌ ئاڵۆز بووە و هێندە دروشمی درۆ و چەواشەكارانە و كرداری دژ بەو پەیام و دروشمانەم بینیوە، متمانەم بە هیچ نەماوە".

د. رێواز فایەق لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا، تێبینی لەسەر ئەوە داوە كە "كەس بەناوی شارەزایی لە یاسا زانیاریی یاساییم پێ‌ نەفرۆشێتەوە و بە پاساوی ئیفلیجكردنی پەرلەمان هەوڵی بێ‌ ئەرزشكردنی كاری لیژنەكان نەدات. خۆ ئەگەر لەو كارەمان هیچمان پێ‌ ناكرێت، راستگۆیی و دروشمبازی حزبە خاوەن نفوزەكانمان بۆ ساخ دەبێتەوە، دەردەكەوێت ئاخۆ هەردووك وەك یەكن یان یەكێكیان لەویتر باشتر یان خراپترە. بۆ خۆم هیوادارم حزبەكەی بەندە كە دەسەڵاتی هەیە لە هەموو حزبەكانی دنیا باشتر و شەفافتر بێت".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی نیشتمانی، ئاماژە بە ئەزموونی پێكهێنانی لیژنەی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش دەكات و روونی دەكاتەوە، كە ئەوكات بەبێ‌ بڕیار و نووسراوی سەرۆكی پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە هەولێر بووە و پەرلەمانیش كارا بوو، ئەو لیژنەیەیان دروست كردووە و زانیاری زۆریشیان دەست كەوتووە و راپۆرتێكی چڕوپڕیشیان لەو بارەیەوە ئامادە كردووە.

وشە/هەولێر-ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح