توندوتیژی لە دژی ژنان لە هەڵكشانە

:: PM:08:38:08/03/2018 ‌

بەبۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژنان كە ساڵانە لەو رۆژەدا بێجگە لە ئاهەنگێڕان و رێزلێنانیان، گرنگی زیاتر بە پرسەكانی تایبەت بە ژنان دەدرێت و چەندان راپۆرت لەبارەی دۆخی ئەوان و كێشە و نەهامەتییەكانیان بڵاو دەكرێتەوە كە لەسەر بنەمایان بڕیار لەسەر دۆخی ئەوان دەدرێت، بە پێی راپۆرتەكانی توندوتیژی لەدژی ژنان لە دنیا بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و لە هەڵكشاندایە.

بەپێی راپۆرتەكان یەكێك لە سێ ژن، واتە 700 ملیۆن ژن لە دنیا رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێكسی بە دەستی هاوسەر و هاوڕێ و هاوبەشانیان بوونەتەوە، كە لە وڵاتانی ناوەند و كەم دەرامەت نزیكەی سێیەكی ژنان ملكەچی فەرمانەكانی پیاوانیان دەكرێن.  

بەپێی توێژینەوەیەكی دەرچوو لە رێكخراوی ئۆكسفام لە 2016، ژنان و كچان لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیاندا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، كاتێك 700 ملیۆن ژن لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو دراون، لەو كاتەی 200 ملیۆنی تریان لە رێگەی خەتەنەكردن ئەندامی زاوزێیان رووبەڕووی شێواندن هاتووەتەوە.

توێژینەوەكە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا بە زیاترین ناوچەكانی دنیا كە تیایاندا ژنان تووشی خەمۆكی دەبنەوە، پۆلێن كردووە، بەتایبەتی ژنان لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 49 ساڵ زیاترین كاریگەریان لەسەرە.

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ گۆتیریس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بۆنەی هەشتی مارسەوە داوای پێدانی دەسەڵاتی زیاتری بە ژنان كرد بەو پێیەی ئەوە مەرجی سەرەكیی جێبەجێبوونی یەكسانی نێوان هەردوو رەگەزە.

ئەو لێدوانانەی گۆتیریس لە تۆمارێكی وێنەیی هات كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنان بڵاوی كردەوە و لە كەناڵی تایبەت بە خزمەتگوزاریی هەواڵەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە یوتیووب بڵاو كرایەوە.

زیاتر گوتی، ئێمە لە دنیایەكدا دەژین كە پیاو تیایدا باڵا دەستە و ئەوەیش حكوومەت و دەستە نێودەوڵەتییەكان و كەرتی تایبەت و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان بێ جیاوازی دەگرێتەوە، ئەوەیش مانای وایە كە پرسی سەرەكیی یەكیانی نێوان هەردوو رەگەز دەسەڵاتە، بۆیە ئەركی سەرەكیی ئێمە دەسەڵاتدانە بە ژنان.

گۆتیرێس روونی كردەوە كە رێكخراوەكەی یەكسانی لە نێوان كۆمەڵێك لە گەورە بەرپرسانی بەدی هێناو و هەوڵیش دەدات بۆ جێبەجێكردنی هەمان شت لەسەر ئاستی بەڕێوەوبەرانی رێكخراوەكە لە هەموو وڵاتانی دنیا، هاوكات وریایی دا كە هەر ستەم و جیاكارییەك لەدژی ژنان زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل