ترەمپ دوو ئافرەتی بۆ پۆستە گرنگەكانی حكوومەتەكەی دیاریی كرد

:: AM:09:47:24/11/2016 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا، نیكی هالێی سەرۆكی ویلایەتی كارولینیای باشووری كرد بە نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. هاوكات بێتسی دێڤۆس سەرۆكی رێكخراوی فێركردنی فیدراسیۆنی ئەمەریكای تایبەت بە منداڵانی بۆ وەزیرەی پەروەردە دەستنیشان كرد.

بەو پێیە ئەو دوو ئافرەتە دەبن بە دوو یاریدەدەری باڵای ترەمپ لەو كابینەیەی تا كۆتای ئەمساڵ ترەمپ رای دەگەیەنێت.

لە ماوەی مانگێك و پێنج رۆژی داهاتوودا، پێویستە ترەمپ جگە لە ئەندامانی كابینەكەی، بڕیار لەسەر سەدان پۆستی تر بدات كە لە حكوومەتی ئەمەریكا بە گرنگ هەژمار دەكرێن.

ترەمپ بەو بڕیارەی داویەتی، دەیەوێ پێوەندیی خۆی لەگەڵ توێژی ئافرەتان ئاسایی بكاتەوە، چونكە ئەو قسانەی لە رابردوودا كردبووی دڵی ئافرەتانی رەنجاندبوو.

ئەو ئافرەتەی وەك نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشان كراوە، دایك و باوكی هیندین.

نیكی هالێی لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا لایەنگری كرووزی كرد و كاتێك ئەو دۆڕاندی، ئامادە نەبوو پشتیوانی لە ترەمپ بكات، بۆیە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ دەستنیشانكردنی هالێی، بە نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیارێكی سەیر هەژمار دەكرێت.

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ-رادیوفردا


وشە - سلێمان تاشان