یوئێن: ژنە ڕزگاربووەكانی دەستی داعش زیندوویەكی مردوون

:: AM:10:45:10/03/2018 ‌

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ توندوتیژی سێكسی لە دۆخی تەنگژە و ململانێكان ئاشكرای كرد، ژنە ڕزگاربووەكانی دەستی داعش لە عێراق لە دۆخێكی زۆر خراپ دەژین و هیچ خزمەتگوزارییەكی گرنگی دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە و باشتركردنی باری دەروونییان بۆ نەكراوە و هاوشێوەی زیندوویەكی بێ گیان و مردوو ژیان بەسەر دەبەن.

برامێلا باتن دوای گەڕانەوەی لە عێراق ئاشكرای كرد، بەشێك لەو ژنە ڕزگاربووانەی دەستی داعش كە لەلایەن تیرۆریستانەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر و وەك كۆیلەی سێكسی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، ئێستە لە كەمپەكان ژیان بەسەر دەبەن، لە دۆخێكی زۆر خراپ و نیگەرانیدان و بەشێكیشیان هۆكاری هێشتنەوەیان لەو كەمپانە وا لێكدەدەنەوە كە گومانیان لێ دەكرێ سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بن.

زیاتر گوتی، بەشێك لەوانە لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆر دەژین، ئەوان وەك گیراو وان و لە كەمپەكان نایەنە دەرەوە تا دۆخی دەروونییان گۆڕانی بەسەردابێ، لە ڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ئارامییان بۆ بگەڕێتەوە و بە ویستی خۆیان هاتوچۆ بكەن.

ئاماژەی دا، تا ئێستەیش زۆر لە ژنان لە دۆخێكی پڕ لە ترس و نیگەرانی دەژین و بە تەواوی سەرلێشێواون، ئەوان نازانن چی بكەن، تەنیا دەترسن و دەلەرزن، لە گەڕانەوەیشیان بۆ ناوچەكانی خۆیان دوای ڕزگاركردنی ترسێكی گەورەیان هەیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د