نیوەرۆی ئەمرۆ شەموو تۆفیق شاكر، ناسراو بە "بەرخۆ" ئەكتەری ناسراوی پارێزگای دهۆك بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە گورستانی شاخكێ شاری دهۆك بەخاك سپێردرا.
ئەڤین بوتی، سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی دهۆك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو ئەكتەرە بەهۆی نەخۆشییەوە كە ماوەی دوو ساڵە پێوەی دەناڵێنێت، كۆچی دوایی كردووە.
ئەڤین زیاتر گوتی، ناوبراو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی پزیشكی دادی دهۆك و لەوێ پشكنینی بۆ كراوە، دواتر بە ئامادەبوونی كەسوكار و ژمارەیەك لە هونەرمەند و ئەكتەر و سینەماكارانی پارێزگای دهۆك لە رێوڕەسمێكی بەشكۆ بەخاك سپێردرا.
بوتی ئاشكرای كرد، كوچی دوایی تۆفیق شاكر زیانی گەورە بە هونەری كوردی بە تایبەتی شاری دهۆك دەگەیەنێت و ئەو ئەكتەرە لە ساڵی 1992 تا ساڵی 2000 و ساڵانی دواتریش خزمەتێكی باشی هونەری كوردی كردووە و لە چەندین كاری دراما و فیلم و كورتە فیلم بەشداری كردووە.
تۆفیق شاكر لە سالی 1962 لە شاری دهۆك لەدایك بووە سەرەتای چوونە نێو هونەر بە ئامێری میوزیكی بلوور بووە، لە ساڵی 1992 ـەوە بەشداری لە سەرووی 20 فیلم و درامای كردووە.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری