گڕكانی جێمس بۆند له‌ ژاپۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات

:: AM:10:01:11/03/2018 ‌

حكوومەت و دەسەڵاتدارانی ژاپۆن هۆشداری توندیان بە خەڵكدا كە دوور بكەونەوە لەو ناوچانەی گڕكانی جێمس بۆندی لێ دروست بووە، هەموو ڕێوشوێن و پێداویستییەكیشیان بۆ هەر حاڵەتێكی فریاكەوتن و لەناكاو گرتووەتەبەر.

گڕكانی جێمس بۆند لە ناوچەی شینمویداكی كە ناوچەیەكی دەوروبەری دوورگەی كیۆشۆی ژاپۆنە و كەوتووەتە دووریی 985 كیلۆمەتر لە تۆكیۆی پایتەختی ئەو وڵاتەوە دەستی پێ كردووە، دەستەی ڕوانگەی كەشناسی و ژینگەی وڵاتەكەیش هۆشداری دا كە پێشبینی دەكرێ، بەردی ئاگراوی گڕكانەكە تا دووری چوار كیلۆمەتر لە ناوەندی گڕكانەكەوە دوور بكەوێتەوە.

هۆكاری ناونانی گڕكانی ئەو دوورگەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ساڵی 1960 یەكێك لە فیلمەكانی جێمس بۆند لە نزیك ئەو ناوچە گڕكانییە وێنەی گیراوە، بۆیە بەناوی ئەو ئەكتەرە ناودارەوە ناوی دەركردووە.

دەستەی ئێزگە و تەلەڤزیۆنی فەرمی ژاپۆن بڵاوی كردەوە كە دووكەڵ و بەردی بچووكی گڕكانەكە تا بەرزیی سێ هەزار و 650 مەتر لە سەرووی ناوچەكە بەرز بوونەتەوە و ئەمەیش بە بەهێزترین گڕكان دادەنرێ كە لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو لە ناوچەكە ڕووی داوە.

لەلایەكی ترەوە فەرمانگەی سیلای ژاپۆن تایبەت بە گڕكانەكان ئاشكرای كرد، ئاگر و بەردی گڕدار لە ناوچەكە بە بەرزیی هەزار و 421 مەتر بەرز دەبێتەوە، بەوهۆیەوە ئاستی هۆشداری دەزگەكانی ژاپۆن بۆ خەڵكی ناوچەكە لە سەر پێنج هۆشداری پلە سێیان پێ دراوە و داوا دەكەن بە تەواوی لە ناوچەكە دوور بكەونەوە.

لە وڵاتی ژاپۆن بە بەردەوامی 110 گڕكان لە ناوچە جیاجیاكان بە بەردەوامی چالاكن و بە درێژایی ڕۆژەكانی ساڵ گڕیان لێ بەرز دەبێتەوە، لە ساڵی 2014 یەكێك لە مەترسیدارترین گڕكانەكان لەو وڵاتە ڕووی دا كە لە شاخی ئۆنتاكی بوو كە بووە هۆی كوژرانی 63 كەس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د