كوردانی ئێزیدی جۆرجیا جێ دەهێڵن

:: AM:10:32:11/03/2018 ‌

بەگوێرەی ئاماری ساڵی 1989 زیاتر لە 35 هەزار كوردی ئێزیدی لە جۆرجیا بوونیان هەبووە، بەڵام ئێستە ئەو ڕێژەیە تەنیا بۆ هەزار و 591 كەس ماوەتەوە و ئەوانەی تر بەهۆی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینییەوە ناوچەكانی خۆیان لە جۆرجیایش جێ هێشتووە و ڕوویان لە وڵاتانی تر كردووە.

پیر دیما ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ڕووحانی ئێزیدییەكان لە وڵاتی جۆرجیا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاینی و ژمارەیەك هۆكاری تر، وای كردووە ئێزیدییەكانی دنیا ڕووبەڕووی مەترسی و گرفتی زۆر ببەنەوە، بۆیە لە جۆرجیاش دوای ئەوەی ئەو هۆكارانە دروست بوون، خەڵكی ئێزیدی ئەو ناوچانە بەرەو وڵاتانی تر ڕۆیشتوون و زێدی خۆیان لە جۆرجیاش بەجێ هێشت.

ئاماژەی دا، ئاماری ساڵی 1989ی وڵاتی جۆرجیا هێما بۆ ئەوە دەكات، كە زیاتر لە 35 هەزار كوردی ئێزیدی لەو وڵاتەدا هەبوون، بەڵام ئێستە ئەو ژمارەیە بۆ هەزار و 591 كەس كەم بووەتەوە، ئەوانەیشی كە ماون لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا و باتۆمی و رۆستاڤ بوونیان هەیە.

زیاتر گوتی، لە تەواوی جۆرجیا تەنیا یەك پەرستگەی ئێزیدییەكانی بەناوی سوڵتان ئێزیدۆ بوونی هەیە، كە لە شاری تبلیسی پایتەختی ئەو وڵاتەیە و لە ساڵی 2015 دامەزراوە، حكوومەتی جۆرجیایش بە تەواوی پشتیوانی ئاین و نەتەوە جیاوازەكانە، ئێزیدی وەك ئاینێكی فەرمی لە وڵاتەكە قبووڵ كراوە، بەڵام نالەباری دۆخی ئابووری و كەمی كار و خراپی بژێوی ژیان وای لە ئێزیدییەكانی جۆرجیا كردووە، زۆریان وەك پەنابەر ڕوو لە ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا بكەن و لەوێ خەریكی كار و ژیان بن.

پیر دیما هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە خولی ئێستەی پەرلەمان پەرلەمانتارێكی جۆرجیایە ئێزیدییە و لەسەر حزبی دەسەڵاتدار خۆی كاندید كردبوو، چاومان لەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوویش بە سیستەمی كۆتابێ، یان بە دەنگدان ئێزیدییەكان كورسی خۆیان لە پەرلەمان هەبێت.

جۆرجیا یەكێكە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و تا ئێستە نەبووەتە ئەندام لە یەكێتییەكە، بەڵام لەلایەن وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ گرنگی زۆری پێ دەدرێ و بە بووكی قەوقاز ناسراوە و سروشتێكی دڵڕفێنی هەیە و خەڵكەكەی زۆر هەژارن، لە رووی ئابوورییەوە ژیانێكی سادە و ساكاریان هەیە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د