هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچە دەنێرێ و فڕۆكەخانەكانیش دەكرێنەوە

:: AM:11:48:11/03/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی لەندەنی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، كە بەرپرسانی هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی قەدەغەی گەشتی نێودەوڵەتی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان و ناردنی مووچەی كارمەندانی هەرێم بەر لە جەژنی نەورۆز و لە هەفتەی داهاتوودا، ئەمەیش دوای ئەوە دێ، بەغدا لە 2014ەوە لە ناردنی مووچەی كارمەندان سەرپێچی دەستووری كردووە و لە 29ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوویش قەدەغەی گەشتی نێودەوڵەتی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان داناوە.

سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگەدار بە ڕۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی ڕاگەیاند، گفتوگۆی چڕ لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لە نێوان لیژنەی تەناهی و سیاسی و سەربازیی نێوان بەغدا و هەولێر بوونی هەبووە و هەمووان گەیشتوونەتە لێكگەیشتنی هاوبەش و سەرەتای بۆ كردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی بە ڕووی فڕۆكەخانەكانی كوردستان و دابەشكردنی مووچە بەسەر كارمەندانی دوو وەزارەتی هەرێمی كوردستان بەر لە جەژنی نەورۆز.

ئەو سەرچاوەیە دووپات لەوە دەكاتەوە، گەیشتن بەو لێكگەیشتنانە لە ئەنجامی فشاری زۆری واشنتن و وڵاتانی ئەوروپی بووە، بەغدایان ناچار كردووە كە بە تەواوی كار بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەولێر بكات، بەگوێرەی ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوولایش بەغدا سەرپەرشتی تەواوی فڕۆكەخانەكانی عێراق دەكات و نوێنەری خۆی لە هەواڵگری و هێزە تەناهییەكان لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بڵاو دەكاتەوە، هەفتەی داهاتوویش مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دابەش دەكات.

سەعد حەدیسی گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، پرسی فڕۆكەخانەكانی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتا و لە داهاتوویەكی زۆر نزیك یەكلا دەبێتەوە، هاوكات مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستانیش دابەش دەكرێ، چونكە پرۆسەی وردبینی پێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د