گەنجێكی شارەدێی شیلادزێ سەرەتای مانگی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ بێسەروشوێن بوو، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەكەی لە چیای كوڕەژاری سەر بە شیلادزێ دۆزراوەتەوە، كەسوكارەكەیشی دەڵێن، گەنجەكە چووەتە ناو پەكەكە و دواتر هەوڵی دا ڕا بكات و بەوهۆیەوە كۆتایی بە ژیانی هاتووە.
مێهڤان بێزەلی یەكێك لە خزمانی ئەو گەنجە دەڵێ، ئیسماعیل عەبدوڵا ناوی گەنجەكەیە و تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بوو، بنەماڵەكەمان لە سەنتەری شارەدێی شیلادزێ دەژین، لە حەوتی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ ئیسماعیل ون بوو، ئەمڕۆ تەرمەكەیمان لە چیای كوڕەژاری سەر بە شارەدێی شیلادزێ دۆزییەوە.
زیاتر گوتی، ئیسماعیل هۆكاری ونبوونی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چووەتە ناو گەریلاكانی پەكەكە و پێوەندی بەو حزبەوە كردووە، بەڵام دوای چوونی بۆ ڕیزەكانی ئەوان تێگەیشتووە، ئەوەی بۆی باس كراوە بەو شێوەیە نییە، بۆیە هەوڵی داوە ڕا بكات و بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام چەكدارانی پەكەكە پێیان زانیوە و لە چیای كوڕەژار بە كوژراوی تەرمەكەی دۆزرایەوە.
ئیسماعیل عەبدوڵا تەمەنی تەنیا 20 ساڵە و قوتابیی پۆلی 12ی ئامادەیی بووە، خەڵكی گوندی بێزەلێیە و لە سەنتەری شارەدێی شیلادزێ نیشتەجێ بوون.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری.