میدیاكار و هونه‌رمه‌ندان خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی لبنان ده‌پاڵێون


ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی مانگی داهاتوو له‌ لبنان بۆ دیاریكردنی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان دێته‌ هه‌ڵبژاردن، زۆر جیاوازه‌ له‌ ساڵانی پێشوو و ته‌نانه‌ت كاندیده‌كانیشیان له‌ كه‌سایتی هونه‌ری و ڕاگه‌یاندكار پێك هاتوون.

ماڵپه‌ڕی rt بڵاوی كرده‌وه‌، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی هونه‌ری و بێژه‌ری كه‌ناڵه‌كان وه‌ك كاندید بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی لبنان هه‌ڵبژێراون، له‌وانه‌ش جێسیكا ئازار بێژه‌ری خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان له‌ كه‌ناڵی mtv كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كرابوو، له‌ ماڵپه‌ڕی تویته‌ر له‌ هه‌ژماره‌كه‌ی خۆی هه‌واڵی كاندیدكردنه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ و به‌ڵێنی به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داوه‌ بێ دڵیان نه‌كات و پشتیان بگرێت و داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات، له‌ لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ پشتگیرییه‌كی زۆری ده‌كرێت.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌، تۆنی خه‌لیفه‌ ڕاگه‌یاندكارێكی تری ئه‌و وڵاته‌یه‌ و له‌ شاری ته‌ڕابلوس كاندید كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی كوڕی ناوچه‌ی عه‌مشیته‌، خۆی به‌ كه‌سێكی باوه‌ڕپێكراو بۆ ئه‌م پۆسته‌ باڵایه‌ داده‌نێت، به‌ڵام له‌باره‌ی جێسیكا ناڕازی بوو و ڕاگه‌یاندكار و كه‌سایه‌تی تر به‌ شیاو زانی كه‌ پێشتر له‌ پێناو نیشتمانه‌كه‌یان فیداكارییان كردووه‌.

پۆلا یه‌عقووبییان ئه‌ویش ڕاگه‌یاندكارێكی تری لبنانییه‌، ماوه‌ی دوو ساڵی ڕێك كاری له‌ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی سیاسی له‌ كه‌ناڵی موسته‌قبه‌لی لبنانی كردووه‌، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌ك كاندید بۆ پشتیوانیكردنی حه‌ریری هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن.

هه‌روه‌ها ڕه‌غده‌ درغام به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینی ڕۆژنامه‌ی حه‌یات له‌ نیویۆرك، وه‌ك كاندید بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیاری كراوه‌، دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ كاركردن له‌ بواری میدیا و ڕاگه‌یاندندا دواجار وه‌ك كاندیدێكی سیاسی هاته‌ هه‌ڵبژاردن.

دوای ئه‌و ڕاگه‌یاندكارانه‌ش، له‌ بواری هونه‌ردا چه‌ند كاندیدێكی كه‌م بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیاری كراون، چونكه‌ پار غه‌سان ره‌حبانی هونه‌رمه‌ند زۆر خراپ شكستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هێنا، بۆیه‌ ئه‌مساڵ زۆر به‌ وریایی كه‌سایه‌تییه‌ هونه‌رییه‌كانییان هه‌ڵبژاردووه‌.

ئه‌مساڵ میریام كلینیك نمایشكاری جلوبه‌رگ له‌ ماڵپه‌ری تویته‌ر كاندیدكردنی خۆی بۆ هه‌وادارانی ئاشكرا كرد، هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌شی دركاند كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ماوه‌یه‌ك چه‌كی پێ بووه‌ و وێنه‌ی پێوه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شی پرسی ئایا ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ی ده‌ستی به‌ خوێنی هاووڵاتییان سوور بووه‌ بۆچی هیچ كه‌س ڕێیان لێ ناگرێت و ڕابردوویه‌كی پاكیان بۆ تۆمار كراوه‌؟.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ جۆی ڕه‌عد هونه‌رمه‌ند له‌ تویته‌ر ئاشكرای كرد كه‌ وه‌ك كاندید بۆ په‌رله‌مان هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی نییه‌ ده‌ستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كێشاوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ هه‌وادارانی ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی ته‌نیا كاتییه‌ و ڕێی تێ ده‌چێت بۆ هه‌ڵبژاردنی 2022 به‌شداری بكات.


وشە - ڕێناس شابان


PM:02:03:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 629 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌