هەلیكۆپتەرێك لە ئه‌مه‌ریكا كەوتە خوارەوە

:: AM:08:55:12/03/2018 ‌

بەرپرسانی نیویۆرك ئاشكرایان كرد، هەلیكۆپتەرێكی وڵاتەكەیان لەو كاتەی بەسەر ڕووبارێكی شاری نیویۆرك تێدەپەڕی، كەوتووەتە خوارەوە و بەوهۆیەوەیش دوو كەس گیانیان لە دەست داوە.

میدیاكان لە زاری بەرپرسانی فریاكەوتن و تیمەكانی بەهاناوەچوون و مەلەوانان بڵاویان كردووەتەوە، هەلیكۆپتەرەكە شەوی ڕابردوو لەسەر ڕووبارەكە كەوتووەتە خوارەوە و ژێر ئاو كەوتووە و دوو كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئیریك فیلیپس گوتەبێژ بەناوی سەرۆكی شارەوانی نیویۆرك لە  تویتەردا تویتێكی لەوبارەوە بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەكە، دوو كەس گیانیان لە دەست داوە و كەسێكیش بریندار بووە، تیمی مەلەوانان بەردەوامن لە گەڕان بە ناو ڕووبارەكە بۆ دەرهێنانی تەرمەكان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە.

لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەوانی فیدراڵی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئەو هەلیكۆپتەرە لە جۆری "یۆرۆكپتەر ئەی ئێس 350 " بووە و لە باكوری دوورگەی رۆزفێڵت سەعات حەوتی شەو بە كاتی ئەمەریكا كەوتووەتە خوارەوە و تا ئێستەیش هۆكاری كەوتنە خوارەوەی ڕوون نییە، بەڵام زانیارییە سەرەتایییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە بووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د