دوا زانیاری لەبارەی ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان

:: AM:11:05:12/03/2018 ‌
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە لیژنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی تەواو لەبارەی پرسی مووچە و دەروازه و فڕۆكەخانەكان، پرسی نەوت و ناوچەی پیشخابووریش بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار/مایۆی داهاتوو دوا خراوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەكەن، هەولێر و بەغدا لە چەند ڕۆژی داهاتوو، ڕێككەوتنیان لەبارەی پرسی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، نوێنەرانی بەغدا لە هەردوو فڕۆكەخانە و مەرزەكان بڵاو دەكرێنەوە.

عەبدولعەزیز حەسەن حوسێن پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا لەوبارەوە ئاماژەی داوە، كە هەردوو گەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بەگوێرەی دەستوور خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر دەكرێن، پرسی پاسپۆرت و نیشتەجێبوون و هەموو ئەوانە بە تۆڕێك بە بەغدا دەبەسترێنەوە و تۆكمەتر دەكرێن، مووچەیش لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەكرێن.

لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017ەوە حكوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پێشان دا بۆ چارەسەری سەرجەم ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور و تۆماری بایۆمەتری ڕادەستی بەغدا كرد، تا وردبینی لە لیستی مووچەخۆران بكات و مووچەیان بۆ بنێرێت، بەڵام بەغدا بەردەوام یاریی بە كوردستان كردووە و ڕۆژێك دەڵێ مووچە دێ و فڕۆكەخانەكان دەكرێنەوە، ڕۆژی دواتر كۆمەڵێك بیانوو دەدۆزێتەوە، ئەمەیش وای كردووە خەڵكی كوردستان بڕوایان بە بەغدا نەمێنێ و ئەوانەی پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكرێ و بووبوونە گوتەبێژی عەبادی، ئێستە بێدەنگن و هیچیان بۆ نەماوەتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د