ئێران و سعوودیە لەسەر دانانی نرخی نەوت ناكۆكن

:: PM:01:24:12/03/2018 ‌


لە بارەی سیاسەتی دیاریكردنی نرخی نەوت، هەریەك لە سعوودیە و ئێران ناكۆكیی قووڵیان لەگەڵ یەكتردا هەیە. ئێران داوا دەكات نرخی نەوت بە ٦٠ دۆلار جێگیر بكرێت و سعوودیەش داوای نرخی ٧٠ دۆلار دەكات.

رۆژنامەی وال ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێكدا باسی دووبارە سەرهەڵدانی كێشە لە ناو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك كردووە و پێی وایە دوای ساڵیك لە نزیكبوونەوەی ئەو وڵاتانە لە یەكتر، ئێستە ئەو وڵاتانە خەریكن لە دانانی پلانی وزە لە یەكتر دوور دەكەونەوە.

بەگوێرەی VOA بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران پێی وایە، نابێت نرخی نەوت لە ٦٠ دۆلار زیاتر بەرز بكرێتەوە، چونكە ئەگەر بگاتە ٧٠ دۆلار، ئەوا دەبێتە هاندەرێكی سەرەكی بۆ ئەوەی لە ئەمەریكا پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی پەرە بستێنێت.

دەرهێنانی نەوتی لیتەیی خەرجییەكی زۆر هەڵدەگرێت و ئەگەر نرخی نەوت خوارووی ٦٠ دۆلار بێت، ئەوا هیچ قازانجێك بۆ بەرهەمهێنانەكە نامێنێتەوە.

بەڵام سعوودیە پێچەوانەی ئەمە بیر دەكاتەوە و پێی وایە ئەگەر نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار جێگیر بكرێت، ئەوا بە قازانجی هەموو وڵاتەكانە و كاریگەری ئەوتۆش لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ناكات.





وشە - سلێمان تاشان