راكیتیچ داوایەك ئاراستەی هاندەرانی بەرشەلۆنە دەكات

:: PM:02:09:12/03/2018 ‌

ئیڤان راكیتیچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوای لە هاندەرانی یانەكەی كرد دووسبەی چوارشەم روو لە یاریگەی كامپ نوو بكەن و هانی تیپەكەیان بدەن بەرامبەر یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

دووسبەی چوارشەم هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و چێڵسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ هەردوو یانەكە بە گۆڵێك یەكسان بوون.

راكیتیچ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی رایگەیاند: یارییەكەمان لەگەڵ یانەی چێڵسی ئاڵۆز و مەترسیدار دەبێت.

هیواشی خواست هاندەرانی یانەكەی بەشێوەیەكی زۆر روو لە یاریگەی كامپ نوو بكەن و هانی تیپەكەیان بدەن، چونكە بە هاندانی ئەوان ئاستی یاریكردن و ورەیان بەرز دەبێتەوە و لە سەركەوتن نزیكتر دەبنەوە.

زیاتر گوتی: باش لەوە گەیشتووین یانەی چێڵسی هیوای وایە لە یارییەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ و ئێمەش دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان ئامادەبین و ئەم ئاستەنگە تێپەڕێنین.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە بە بردنەوە یانیش بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ دەتوانێ بەربەستی یانەی چێڵسی تێپەڕێنێ و بگاتە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م