لەماڵەوە تۆنەری پاككەرەوەی پێست دروست بكە

:: PM:02:51:12/03/2018 ‌

تۆنەر یان پاككەرەوەی پێست بۆ شێداركردنەوەی پێست بەكاردەهێنرێت، بەڵام پێویستە بزانیت چ جۆرە تۆنەرێك لەگەڵ پێستتدا دەگونجێت و بۆ چ مەبەستێك بەكاری دەهێنیت. بۆ نموونە ئەگەر كێشەی زیپكەت هەبێت یان پێستت چەور بێت زۆرێك لە پاككەرەوەكان دژەبەكتریایان تێدایە، بەڵام بۆ پێستی وشك و هەستیار دەبێ ڕێژەی تفتیان زیاتر بێ.

جیالەوەیش تۆنەر بۆ لێكردنەوەی تەنۆلكەی مەكیاج بەكاردەهێنرێت و توانای لابردنی ماددە چەورەكانی سەر پێستی هەیە  و ئاستی  pH هاوسەنگ دەكات، بەڵام دەتوانیت خۆت تۆنەرێك دروست بكەیت بۆ پاككردنەوەی پێست لە چەوری و لێكردنەوەی مەكیاج.

تۆنەرەكان له‌م ماڵه‌وه‌ دروست بكه‌، ئه‌و جۆره‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ پێستت ده‌گونجێت، به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

یەكەم: بۆ پێستی ناسك، ئەگەر پێستت ناسكە و حەز بكەیت خۆت تۆنەرێك دروست بكەیت، تەنیا پێویستت بە دوو پێكهاتە دەبێت یەكەم ئاوی گەرم دووەم چرۆی گوڵی وشك كراوە، بەباشی تێكەڵی یەكتریان بكە تا دوو سەعات لێی بگەڕێ، دواتر گوڵەكانی لێ دەربهێنە، ئاوی گوڵ یارمەتی هێور بوونەوەی پێست دەدا و دەتوانیت لە بەفرگردا دایبنێی بۆ ماوەی یەك هەفتە بەكاری بهێنی.

دووەم: جۆرێكی تر لە پاككەرەوەی پێست بەكارهێنانی سركەی سێوە، تەنیا پێویستت بە كەچكێك سركەی سێو دەبێت لەگەڵ كوپێك ئاو، چەند پارچە لۆكەیەك بە گیراوەی سركەی سێو تەڕ بكە و دواتر پێستی پێ بسڕەوە، سركەی سێو یارمەتی هاوسەنگ كردنی pHی پێست دەدات و ڕێگە لە زیپكە دەگرێت.

سێیەم: پاككەرەوەیەك بۆ پێستی وشك، هەر ئەو ئاوی گوڵەی كە پێشتر ئامادەمان كردن چەند دڵۆپێك ڕۆنی گوڵی شەمدانی بۆ زیاد بكە و دواتر وەكو پاككەرەوەیەك بۆ پێست لە رێگەی پرژاندنەوە بەكاری بهێنە، بەڵام پێش بەكارهێنانی بەباشی بیهەژێن.

چوارەم: ئاوی لیمۆ و نەعناع، پاككەرەوەی ئاوی لیمۆ و نەعناع زیاتر بۆ پێستی چەور گونجاوە تەنیا پێویستت بە بەكارهێنانی یەك كەوچك ئاوی لیمۆ لەگەڵ كوپێك ئاوی گەرم و كیسێك لە چای وشكی نەعناع دەبێ،  چای نەعناعەكە بكە كوپە ئاوەكەوە تا چەند خولەكێك و دواتر شەربەتی لیمۆكەی بۆ زیاد بكە و تێكەڵی بكە و پاشان وازی لێ بێنە تا سارد دەبێتەوە، ئنجا بە پارچە لۆكەیەك گیراوەكە لە پێستت بدە و وازی لێ بێنە تا وشك دەبێتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد