ڕۆژی شەش لیتر ئاو بخۆیتەوە پێستت چی لێ دێ؟

:: PM:03:38:12/03/2018 ‌

خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو لە ڕۆژێكدا زۆر گرنگە بۆ تەندروستی لەش، پێویستە هەموو كەسێك رۆژانە شەش بۆ هەشت پەرداخ ئاو بخواتەوە، بەڵام كەم كەس دەتوانێت لە پێنج پەرداخ ئاو زیاتر بخواتەوە، ئەمەش زیان بەلەش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی پێست و ئەندامەكانی لەش، بەڵام ئەگەر هاتوو ڕۆژانە سێ تا شەش لیتر ئاو بخۆنەوە، چی بەسەر پێستتان دێت؟

سارە سمیس ئافرەتێكی بەریتانیە تەمەنی 42 ساڵە، ئەو رۆژانە خواردنەوەی ئاوی لەبیر دەكرد، بەمەش كاریگەری كەمبوونەوەی ئاو لەسەر پێست و ڕووخساری دەبینرا، سەرەڕای تووشبوونی بە بەدهەرسی و ژانەسەری بەردەوام،  لە دوای ڕاوێژكردنی پزیشكی ئەم خانمە بڕیاری دا خواردنەوەی ئاو زیاد بكات بۆ سێ لیتر ئاو لە ڕۆژێكدا، تا ماوەی مانگێگ بەم شێوەیە بەردەوام بوو، دوای مانگێك ئەنجامێكی كاریگەری هەبوو.

 كەمبوونەوەی ئاو لە لەشدا سێبەری تۆخ لەژێر چاوەكان دروست دەكات، هەروەها وا دەكات ماندوو دەربكەویت و  لۆچی زۆر لە پێست دروست دەكات، جیا لەوە بریقەداربوونەوەی پێست كەم دەبێتەوە و پێست وشك دەردەكەوێ و لێوەكان تووشی قڵیشان دەكات.

هاوكات خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو دەبێتە هۆی كردنە دەرەوەی ژەهری لەش و پاككردنەوەی ریخۆلەكان تەنیا بە حەوت ڕۆژ چارەسەری ژانەسەر دەكات ڕێگە لە رەقبوونی جومگەكان دەگرێت،  خواردنەوەی شەش لیتر ئاو لە ڕۆژێكدا تەنیا دوای سێ هەفتە لە بەكارهێنانی، پەڵەی پێست بە تەواوی كاڵ دەكاتەوە، بریقە و شێداری دەدات بەپێست، هەروەها خواردنەوەی ئەو بڕە زۆرەی ئاو وا دەكات هەستی برسیەتی كەم ببێتەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی كێشی لەش.



وشە - ئاوات ئازاد