تابلۆی پێناسه یان رێكلامی به‌رده‌م دووكانه‌كان تا گه‌وره‌تر بن، باجی زیاتریشیان لێ ده‌ستێنرێت و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه خاوه‌ن پیشه و ماركێته‌كان له ترسی باج تابلۆكانیان بچووك كردووه‌ته‌وه یان به یه‌كجاری لایان بردوون. زۆریان وازیان له دروشمی زیاده بۆ ناساندنی دووكانه‌كانیان هێناوه و له ئاستی توانای گیرفانیان تابلۆ هه‌ڵده‌واسن.
به‌گوێره‌ی یاسایه‌كی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ساڵی رابردوو ده‌رچووه، بۆ هه‌ر مه‌ترێكی چوارگۆشه له تابلۆی به‌رده‌م دووكانه‌كان، ساڵانه 40 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت كه دووكانداران به باجی ژینگه ناویان برد. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به‌رده‌م دووكانێك تابلۆكه‌ی یه‌ك مه‌تر پان و دوو مه‌تر درێژ بێت، ئه‌وا ساڵانه 80 هه‌زار دینار له خاوه‌ن دووكانه‌كه ده‌ستێنرێت.
له ماوه‌ی رابردوودا فه‌رمانبه‌رانی شاره‌وانی به بازاڕه‌كاندا سووڕاونه‌ته‌وه و داوای ئه‌و باجه‌یان له دووكانداران كردووه. پێش سه‌ردانی لیژنه‌كان هه‌ندێك دووكان خێرا رێكلامی به‌رده‌م دووكانه‌كانیان بچووك كردووه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان تابلۆكه‌یان داگرتووه به‌و هیوایه‌ی له‌و جۆره باجه ببه‌خشرێن.
هێمن كه‌ریم كه ماركێته‌كه‌یشی به‌ناوی خۆی كردووه و رووبه‌ری تابلۆی به‌رده‌م ماركێته‌كه‌ی 12 مه‌تری چوارگۆشه‌یه، ده‌بوو نزیكه‌ی نیو ملیۆن دینار باج بدات، به‌ڵام پێش گه‌یشتنی لیژنه‌ی باج بۆ تابلۆیه‌كی یه‌ك مه‌تری بچووكی كردووه‌ته‌وه.
جگه له ناوشار، له ناوچه پیشه‌سازییه‌كانیش باجی تابلۆ ده‌ستێنرێت. پێشتر رووبه‌ری تابلۆی سه‌ر دووكانه‌كه‌ی فوئاد جامچی سه‌رووی 50 مه‌تر ده‌بوو، به‌ڵام ئێسته وازی له هه‌موو رێكلامه‌كان هێناوه و ته‌نیا ناوی خۆی و پیشه‌كه‌ی هێشتووه‌ته‌وه كه كه‌متره له مه‌ترێك رێكلام. ئه‌و به حیسابی جاران ده‌بوو ساڵانه دوو ملیۆن دینار به حكوومه‌ت بدات، به‌ڵام ئێسته به 40 هه‌زار دینار رزگاری بووه.
هه‌ندێك دووكاندار له‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌ت ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربڕی و گوتیان چ په‌یدا ده‌كه‌ن تا بیده‌ن به حكوومه‌ت، جاران كرێ دووكان و پاره‌ی شاره‌وانی و كاره‌بایان بۆ ده‌هاته‌وه، ئه‌مجاره باجی تابلۆشی هاتووه‌ته سه‌ر.
ئه‌ندازیار كاروان جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و ژینگه‌ی هه‌ولێر، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌و رسووماته‌ی كه له بری تابلۆی رێكلامی دووكان و ماركێت و كۆمپانیاكان ده‌ستێنرێت، شتێك نییه شاره‌وانی له خۆیه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا سه‌پاندبێت، به‌ڵكو وه‌ك یاسایه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌رچووه و له هه‌موو كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی شاره‌كان، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و رسووماته پێكهاتووه و به بێ جیاوازی و به‌گوێره‌ی رێنوێنییه‌كه پاره له خه‌ڵك ده‌سێنن و هه‌ر كه‌سێك باجه‌كه نه‌دات، سزا ده‌درێت. بۆ ساڵی 2018 ئه‌م باجه بۆ 30 هه‌زار دینار له هه‌ر مه‌ترێكی چوارگۆشه ده‌ستنیشان كراوه.
به بۆچوونی كاروان جه‌بار، بڕی باجه‌كه زۆر نییه و كۆمپانیایه‌ك كه له ماوه‌ی ساڵێكدا خه‌ریكی بازرگانیكردنه و تابلۆیه‌كی له پێش كۆمپانیاكه هه‌ڵواسیوه، ئه‌گه‌ر رووبه‌ری تابلۆكه‌ی پێنج مه‌تر بێت، ساڵانه 150 هه‌زار دینار ده‌دات. بڕیاره‌كه 70 شاره‌وانیی هه‌رێمی كوردستان جگه له شوێنه‌كانی نیشته‌جێبوون، هه‌ندێك شوێنی تر ده‌گرێته‌وه.
هۆی سه‌ره‌كیی جێبه‌جێكردنی یاسایه‌كی له‌م شێوه‌یه، بۆ دۆخی خراپی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌گوێره‌ی هه‌ندێك یاسا و بڕیار، حكوومه‌ت كار ده‌كات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین داهات و یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌شی به‌رزكردنه‌وه‌ی بڕی باج و وه‌رگرتنی هه‌ندێك رسووماتی نوێیه له هاووڵاتییان.
رووبه‌ری هه‌موو تابلۆكانی به‌رده‌م دووكانه‌كانی كوردستان نادیاره. ئه‌گه‌ر هه‌موویان له ته‌نیشت یه‌كتر دابنرێن، له‌وانه‌یه بگه‌نه سه‌دان هه‌زار مه‌تری چوارگۆشه كه داهاتێكی گونجاو بۆ حكوومه‌ت ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. به گریمانه‌ی نیو ملیۆن مه‌تری چوارگۆشه‌ی تابلۆ، 15 ملیار دینار ده‌چێته گیرفانی حكوومه‌ته‌وه.