ساڵێ‌ ڕابردوو لە سلێمانی هەزار و 400 ڕووداوی جۆراوجۆر تۆمار كراوە

:: PM:10:12:12/03/2018 ‌
لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوو 65 كەس لەسەر دیاردەی دزی كردن لە سلێمانی گیراون, لە چەند رۆژی رابردوش نزیكەی ٢٠ كەس گیراون، بەڕای توێژەرێكیش ئەنجامدانی دزی پەیوەندی بە چەند لایەنێكەوە هەیە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تەنیا لە ماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵ، لە ناو شاری سلێمانی هێزەكانیان توانیویانە 65 كەس بە تاوانی ئەنجامدانی دزی بگرن  كە لە بوارە جۆر بەجۆرەكان دزیان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئادار، سەردار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، هێزەكانی پۆلیس دوای ئەوەی زانیاریان هەبوو لەسەر دزیكردن لە لایەن هاووڵاتیانەوە هەوڵەكانیان دەست پێ كرد بۆ گرتنی ئەو كەسانە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە هاوكاتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانرا هەشت كەس بگرین كە دزی جۆراوجۆریان ئەنجامدابوو, هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناو شاری سلێمانی سێ باند گیران كە ئۆتۆمبێلیان دزیبوو، بەڵام دزەكان خەڵكی دەرەوەی شار بوون.

شەونم تاهیر توێژەری بواری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ‏دزیكردن ئێستە بە جۆریك رووی لەزیادبوون كردووە دەتوانم بڵێم بوەتە دیاردەیەك بەتایبەت لەم بارە نالەبارەی ئێستەدا بەهۆی تەنگەژەی دارایی و ئابووریەوە كە هۆكاری یەكەمن كەوا لە هەر تاكێكی كۆمەڵگە دەكات پەنابباتە بەر دزی كردن بەتایبەتی گەنجەكان بەهۆی بێ ئیش و بێكاریەوە  ناچار دەبن كە پەنا بەرنە بەر دزی كردن.

ئەو توێژەرە گوتی، هۆكارێكی تر نەبوونی پەروەردەیەكی رێكوپێك نەبوونی هۆشیارییەكی تەواو لەلایەن خێزان و تاكەكانەوە، چونكە زۆرجار دەبینین لەتەمەنێكی منداڵیدا فێری دزی كردن بوە وای لێدێت هەربەردەوام دەبێت لەم كارە نەشیاوەی.

هۆكارێكی بێ هیوابون و نائومێدیە كەوا لە تاك دەكات نەتوانێت و متمانە بەخۆی بكات كەوا پشت بەهێز و توانای خۆی ببەستێت هەمیشە وابیردەكاتەوە كەوا ئەم لەتوانای دا نیە كار بكات، بۆیە ئەمەش هوكارێكی ترە، یەكێكی تر لەهۆكارەكان سەیركردنی دراما و فیلمەكانە كەكاریگەریەكی تەواوی هەیە لەسەر تاكەكان شەونم وای گوت.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە هەزار و 400 پەڕاوی لێكۆڵینەوە لە بەردەم پۆلیسی شارەكە هەبووە لە حاڵەتە جۆر بەجۆرەكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - رامیار جەواد