ئینێستا گەڕایەوە مەشق و راهێنانەكان.. بزانە بەرامبەر چێڵسی یاری دەكات؟

:: AM:08:55:13/03/2018 ‌

دوێنێ دووشەم ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەشێوەی ئاسایی دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردەوە بەر لە یارییەكەی سبەی چوارشەم بەرامبەر یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوایین یاریكردنی ئینێستا بەر لە 10 رۆژ بوو بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە گەڕی 27ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، لەو یارییەدا بەهۆی توشبوونی بە پێكانەوە لە خولەكی 36 یاریگەی جێهێشتبوو.

ماڵپەڕی یانەی بەرشەلۆنە دوێنێ دووشەم چەند وێنە و ڤیدیۆیەكی مەشق و راهێنانی یاریزانانی یانەكەی بڵاو كردەوە و تێیدا دەردەكەوێ ئینێستا بەشێوەی ئاسایی تا كۆتایی مەشق و راهێنانی ئەنجامداوە.

پێشبینی دەكرێ ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی سبەی چوارشەم بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی بە ئینێستا بكات.

جێی باسە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو یانەی چێڵسی و بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ تەواو ببوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م