فەیسبووك هاوكاری كۆمەڵكوژی میانمار بووە

:: AM:09:00:13/03/2018 ‌

شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، لە ئەنجامی لیكۆڵینەوەكانیان لە كۆمەڵكوژی وڵاتی میانمار، بۆیان دەركەوتووە كە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە بڵاوكردنەوەی ڕق و توندڕۆیی و دووبەرەكی و خۆشكردنی ئاگری كوشتن و بڕین.

لە مانگی ئاب/ئۆگستسی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە 650 هەزار هاووڵاتیی رۆهینگی مسوڵمان ویلایەتی راخینیان لە وڵاتی میانمار بەرەو بەنگلادیش جێ هێشتووە، ئەمەیش بەهۆی هێرش و كۆمەڵكوژی هێزەكانی ئەو وڵاتە دژ بە كەمینە مسوڵمانەكان، میدیاكان دووپات لەوە دەكەنەوە كۆمەڵكوژی و دەستدرێژی و تاوانی زۆر گەورە دژ بەو خەڵكە ئەنجام دراوە.

كۆمیسەری مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد، گومانی زۆر بەهێزیان هەیە، ئەوەی لە میانمار ڕووی داوە و ئێستەیش بەردەوامی هەیە، كۆمەڵكوژییە، بۆیە داوامان لە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی نیشتمانی وڵاتەكە كردووە، بەڵگەی ڕوونمان پێ بدات.

مەرزووقی داروسمان سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە توندوتیژییەكانی میانمار بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە گشتی و فەیسبووك بە تایبەتی، ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی تووڕەیی و ڕقی زیاتر و كوشتنی زیاتری خەڵكی مسوڵمانی ناوچەكە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د