ئه‌مڕۆ سێشه‌م شاندێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق كۆده‌بێته‌وه.
بڕیار وایه ئه‌مڕۆ سێشه‌م شاندێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه پێكهاتووه له به‌رپرسانى پاسپۆرت و گه‌شته‌كان و ره‌گه‌زنامه، بچنه به‌غدا و له‌وێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى عێراق كۆببنه‌وه.
به پێى سه‌رچاوه‌یه‌ك كه زانیارییه‌كانى به شه‌فه‌ق نیوز راگه‌یاندووه، ئه‌م شانده تاوتوێى هه‌ندێك كارى ته‌كنیكى و هاوئاهه‌نگى ده‌كات له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى به‌غدا.
به‌غدا له مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری ساڵی ڕابردووه، ده‌ستی به سزادانی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان كرد و كۆمه‌ڵێك سزای به‌سه‌ر كوردستان سه‌پاند، له‌وانه فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى داخست و داواى راده‌ستكردنه‌وه‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كانى ده‌كرد. جیا له‌وه‌ش چه‌ند ساڵێك بوو كێشه له‌سه‌ر مووچه هه‌بوو، به‌غدا زیاتر له سێ ساڵ بوو مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستانى نه‌ناردبوو.
ماوه‌ى دوو مانگ ده‌بێت دانوستاندنه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه، سه‌ردانى شاندى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ى ئه‌و دانوستاندنانه ده‌بێت، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ڕۆژی دووشه‌م عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق گه‌یشته هه‌ولێر و بڕیاریشه به‌ر له نه‌ورۆز فڕۆكه‌خانه‌كان بكرێنه‌وه و مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕه‌وانه بكرێت.