مێژوو دان بە بەرشەلۆنە دادەنێ یان چێڵسی؟

:: AM:09:19:13/03/2018 ‌

سبەی چوارشەم یانەی چێڵسیی ئینگلیزی دەبێتە مێوانێكی مەترسیداری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو.

یانەی چێڵسی لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە یەكسان ببوو، گۆڵی یانە ئینگلیزییەكە لەلایەن ئەستێرەی بەڕازیلی ویلیان تۆمار كرابوو و گۆڵی یانەی بەرشەلۆنەش لەلایەن لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی.

بەر لە دەستپێكردنی یارییەكە بۆ خوێنەرانی (وشە) مێژووی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەكە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەخەینەڕوو.

مێژوو دەری دەخات بەشی زۆری رووبەڕووبوونەوەكان بۆ بەرژەوەندی یانەی چێڵسی كۆتایی هاتووە، یانەكە لە دوایین 8 رووبەڕووبوونەوەدا تامی هیچ شكستێكی نەكردووە و 2 یاری بردووەتەوە و لە 6 یاری تریشدا یەكسان بووە.

لەلایەكی ترەوە یانەی بەرشەلۆنە لە كۆی 39 یاریی قۆناغە یەكلاكەرەوەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە تێیدا دۆڕاو لە پاڵەوانیەتییەكە كراوەتە دەرەوە تەنیا لە 4 یاریدا بووە و لەبەرامبەریشدا 25 یاری بردووەتەوە لەگەڵ 10 یەكسانبوون.

تاكە یانەی ئینگلیزی كە توانیویەتی لە قۆناغە یەكلاكەرەوەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یانەی بەرشەلۆنە بكاتە دەرەوە، یانەی لێڤەرپوول بووە ئەویش لە ساڵی 2007 بوو كە ئەنجامی یارییەكە بە 2-1 گۆڵ كۆتایی هاتبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م