كۆنیى پاسه‌كانى هێڵى گواستنه‌وه‌ى ناوشارى هه‌ولێر، هاووڵاتییانى شاره‌كه‌ى نیگه‌ران كردووه و به‌شێكى سه‌ره‌كى له هاتوچۆ پێنهكردنیشیان له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه پێوه‌ندى به خراپى و كۆنییهوه هه‌یه. هه‌روه‌ك هاووڵاتییه‌ك ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر به جلێكى پاكه‌وه سه‌ر بكه‌وى، ئه‌وه به جلێكى تۆزاوییه‌وه داده‌به‌زى.
پاسه‌كانى هێڵى گواستنه‌وه له شه‌قامى 30 مه‌ترى و 40 مه‌تریى شارى هه‌ولێر به‌ته‌واوى په‌كى كه‌وتووه. به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى هه‌ولێر نایشارێته‌وه كه به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایى له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا نه‌توانراوه پاڵه‌په‌ستۆ بخرێته سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ى پاسه‌كان بگۆڕن، به‌ڵام ئاشكرای ده‌كات "حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا به‌ڵێنى ناردنى پاسى به كوردستان داوهگ.
سه‌فین عه‌لى هاووڵاتییه‌كى نیشته‌جێی هه‌ولێر نیگه‌رانه له‌وه‌ی پاسه‌كانى ناوشار كه‌ڵكى گواستنه‌وه‌یان نه‌ماوه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكار ده‌زانێ كه "زۆرجار هاووڵاتییانه‌وه به‌كاریان ناهێنن".
سه‌فین بۆ "وشه" ڕوونی كرده‌وه كه ئێسته ته‌نگژه‌ى دارایى هه‌یه و هاووڵاتییان چاویان له‌وه‌یه به‌كه‌مترین نرخ هاتوچۆ بكه‌ن، پێویسته بیر له‌وه بكرێته‌وه ئه‌و پاسانه بگۆڕێن و یان هیچ نه‌بێ خزمه‌تى زیاتریان بكرێت تا كه‌ڵكى ئه‌وه‌یان هه‌بێ هاتوچۆیان پێ بكرێت.
ئه‌و هاووڵاتییه دووپاتى كرده‌وه كه به‌هۆى كۆنى پاسه‌كانه‌وه ئه‌گه‌ر به جلێكى پاك و خاوێن سهربكهوى ئه‌وه تا ده‌تگه‌یه‌نێت بۆ شوێنى مه‌به‌ست، هه‌موو له‌شت ده‌بێ به‌تۆز، چونكه به‌گوته‌ی ئه‌و "به‌شێكى زۆر له پاسه‌كان له دیوى ناوه‌وه كونێكى تێدایه و تۆزى شه‌قامه‌كه ڕادهكێَشێ".
له وڵاتانی پێشكه‌وتوو پاس له شه‌قامه‌كاندا رێڕه‌وی خۆی بۆ جیا كراوه‌ته‌وه و پابه‌نده به كاته‌وه، جیا له‌وه‌ی جۆری پاسه‌كه بۆ هاتوچۆ دروست كراوه و سه‌رنشین به ئاسانی ده‌توانێ هاتوچۆی له‌ناودا بكات.
نه‌جیبه عه‌لى فه‌رمانبه‌رى حكوومه‌ته له هه‌ولێر و پێى وایه، ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكى ڕێك‌وپێك هه‌بێت بۆ پاس و هاتوچۆ، ئه‌وه شه‌قامه‌كانیش ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ نابن و زۆربه‌ى فه‌رمانبه‌ران به پاس هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام نیگه‌رانه له‌وه‌ی "له هه‌ولێر نه سیسته‌مى هاتوچۆ هه‌یه و نه پاسه‌كانیش كه‌ڵكى ئه‌وه‌ى ماوه سهربكهوى".
ئه‌و هاووڵاتییه بۆ "وشه" گوتى، نرخى پاس بۆ هاتوچۆ 500 دیناره، به‌ڵام به‌هۆى كۆنییهوه زۆرجار په‌شیمان ده‌بیته‌وه له‌وه‌ى سه‌ركه‌وتووى، بۆیه پێویسته حكوومه‌ت بیر له‌وه بكاته‌وه ئه‌و پاسانه نوێ بكرێنه‌وه.
خاوه‌نى پاسه‌كانى هێڵى گواستنه‌وه‌ى ناوشارى هه‌ولێر بیانووى ئه‌وه‌یان هه‌یه كه به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه ناتوانن پاسه‌كانیان نوێ بكه‌نه‌وه، بۆیه زۆربه‌ى پاسه‌كان كۆن بوون و هه‌یه مۆدیڵى 1980 به‌ره‌و خواره‌وه و "هێشتا به‌كار دێ".
سیامه‌ند وه‌لید خاوه‌نى پاسێكى هێڵى گواستنه‌وه‌ى 40 مه‌تریی، بۆ "وشه"ى گوتى، به‌هۆى ته‌نگژه‌ى داراییی له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو نه‌یانتوانیوه پاسه‌كان نوێ بكه‌نه‌وه.
زیاتر گوتى، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى بێكارى هه‌یه له هێڵه‌كانى گواستنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كه‌دا، به‌ڵام ماوه‌ى زیاتر له چوار ساڵه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردوون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پاسانه بگۆڕن. وه‌ك خۆی گوتی "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێم پێشینه‌یه‌كى گونجاو بدات به خاوه‌نى پاسه‌كان، ئه‌وه ده‌توانین پاسی نوێ دابین بكه‌ین".
زۆرجار خراپى ئه‌و پاسانه له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌ولێردا ئاسته‌نگى هاتوچۆ دروست ده‌كات به‌تایبه‌تى ترافیك لایتهكانى ناوشار، به‌ڵام هاتوچۆى هه‌ولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ربارى ئاسته‌نگى هاتوچۆى كۆنى پاس و تا‌كسیی، سیماى ناشیرین به شه‌قامه‌كان ده‌به‌خشێت.
فازڵ حاجى گوته‌بێژى پۆلیسی هاتوچۆى هه‌ولێر، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، تا ئێسته ئاسته‌نگى هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر نه‌بووه به‌هۆى كۆنى ئه‌و پاسانه‌وه، به‌ڵام پێویستیان به گۆڕین هه‌یه. به‌ڵام به‌گوته‌ی حاجی "كێشه‌كه هه‌ر ئاسته‌نگى هاتوچۆ نییه، به‌ڵكو خراپى و كۆنى ئه‌و پاسانه سیماى شهقامهكانى هه‌ولێرى ناشیرین كردووه".
له به‌رانبه‌ردا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى هه‌ولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت كه ئاگه‌دارن پاسه‌كانى هێڵى گواستنه‌وه‌ى ناو هه‌ولێر به‌تایبه‌تى شه‌قامى 30 مه‌ترى و 40 مه‌ترى كۆن بوون، به‌ڵام ته‌نگژه‌ى دارایى هۆى سه‌ره‌كییه بۆ كۆنبوونى ئه‌و پاسانه.
ئه‌ندازیار عه‌بدولخالق عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى ناو هه‌ولێر، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، له ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوو به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایى كوردستان، نه‌مانتوانیوه پاڵه‌په‌ستۆیان له‌سه‌ر دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى شۆفێران پاسه‌كان بگۆڕن.
ڕوونى كرده‌وه كه پێش ته‌نگژه‌ى دارایى، حكوومه‌تى هه‌رێم كارئاسانى زۆرى ده‌كرد بۆ گۆڕینى ئه‌و پاسانه، به‌جۆرێك هه‌ر كه‌سێك پاسى كۆنى هه‌بووایه، هه‌ڵیده‌وه‌شانده‌وه و كهلوپهلهكهى بۆ خۆى ده‌فرۆشت و دواتر سێ هه‌زار دۆلارى پێ ده‌درا بۆ ئه‌وه‌ى پاسه‌كه‌ى بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌م ڕێنوێنییه به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه نه‌ماوه.
"به‌گشتی تا ئێسته 20%ی پاسه‌كان زۆر كۆنن، ئه‌وانه‌یشى به‌م شێوه‌یه‌ن بارى دارایی‌یان باش نییه، به‌ڵام ئێسته هه‌موو رێوشوێنێكى ڕۆتینى بۆ ده‌كرێت به ئاسانى هه‌ركه‌س بیه‌وێت بیگۆڕێت" بهرٍِێوهبهری گواستنه‌وه وای گوت.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا بڕیارى داوه پاس بۆ هێڵه‌كانى گواستنه‌وه‌ى هه‌ولێر دابین بكات، ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه ئاشكرای ده‌كات، حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا بڕیاری داوه گۆڕانكاریى له سسیتهمى گواستنه‌وه‌ى خۆى بكات و پاسه‌كانیان به كاره‌با كار بكات نه‌ك سووته‌مه‌نى، له به‌رانبه‌ردا ئه‌و پاسانه‌ى له شارى دۆسلدۆف /یه‌كێكه له شاره گه‌وره‌كانی ئه‌ڵمانیا و ژماره‌یه‌كی زۆر په‌نابه‌ری له‌خۆ گرتووه/ به‌كاریان هێناوه، بینێرێت بۆ هه‌ولێر و لێره سیسته‌مى گواستنه‌وه ڕێك بخرێته‌وه له ڕێى كۆمپانیایه‌كه‌وه".