مووسڵ و كەركووك...بەربەستەكان ناتوانن ڕێگە لە هاتنەوەی داعش بگرن

:: AM:10:19:13/03/2018 ‌


داعش بە تەكتیكی نوێ هێرش دەكات و بەربەستە كۆنكرێتییەكانیش نەیانتوانیوە هێزە عێراقییەكان لە هێرشەكان بپارێزن، دوای كوشتنیان، داعش تەرمەكانیان دەسووتێنێت، ئەمەش وەك پەیامێكی توند دژ بە سوپای عێراق لێكدەدرێتەوە. لە ماوەی رابردوودا چەندان هێرشی ئەنجامداوە لە سنووری پارێزگای مووسڵ و كەركووك، شەوی رابردووش بەهۆی هێرشێكەوە 25 كەس لەسەر رێی سەرەكیی ئامرلی بوونە قوربانی كە هاووڵاتیی سڤیلیشی تێدابوو.

شەوی رابردوو داعش لەسەر رێی سەرەكیی شارۆكەی ئامرلی (200 كم باكوری بەغدا) هێرشی كردە سەر بازگەیەكی سوپای عێراقی، بەهۆیەوە 25 كەس بووەنە قوربانی كە لە نێویاندا هاووڵاتیی سڤیلیش هەبوون.

ئەگەرچی سوپای عێراق بنكە و بارەگا و بازگەكانی بە بەربەستی كۆنكرێتی جێگیر كردووە، بەڵام ئەو بەربەستانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم هێرشەكانی داعش و ئەوان توانیویانە لە پشتەوەی ئەو بەربەستانە هێزە عێراقییەكان بكەنە ئامانج. هێرشەكەی داعش بۆ سەر بازگەیەكی سوپای عێراق لەسەر رێی ئامرلی، لە كاتێكدایە شەوی پێشتر واتە یەكشەم، لەسەر رێی سەرەكیی كەركووك لە باشووری ئەو شارە هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێك و سێ هاووڵاتیی سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكەیان كوشت و تەرمەكانیشیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سووتاند.

پێش ئەوەش گرووپێكی تری چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر بەربەستێكی تەناهی و 15 كەسیان لێ كوشتن كە هەندێكیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، پاشان تەرمەكانیان سووتاندن.

لە مووسڵ پایتەختی داعش، لە هێرشێكدا حەوت كەس لە شارۆكەی حەزەر لە باشووری ئەو شارە لەلایەن چەكدارانی داعش كوژران. عەلی حەمدی قایمقامی شارۆكەی حەزەر دەڵێ،گرووپێكی چەكداری نەناسراو كە جلوبەرگی سەربازییان پۆشی بوو، سەعات نۆی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم، حەوت كەسیان كوشتووە لەناو ماڵی موختاری گوندێ مشیرفەی سەر بە حەزەر. بەگوێرەی سەرچاوەكان، موختاری گوندەكە و دوو لە منداڵەكانی لە ناو ئەو حەوت قوربانییە بوون.

ساڵح جبووری بەڕێوەبەری شارەدێی گەیارە دووپات لە هێرشەكە دەكاتەوە و دەڵێ، دوو لەوانەی كوژراون چەكداری میلیشیاكانی حەشدی عەشایەری بوون.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هێرشەكانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق چڕتر بووەتەوە و رۆژانە لە سنووری مووسڵ و كەركووك هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی سوپای عێراق، هێرشەكانی رۆژانی یەكشەم و دووشەمی رابردوو لە كاتێكدایە، كۆتای هەفتەی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشێكی توندیان كردە سەر تیمێكی هێزەكانی دەزگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناو كەركووك كە بەهۆیەوە یەكێك لە كارمەندانی كوژران و یەكێكی تریش بریندار بوو.

لەسەر ئەو پرسە لیوا روكن موعن ساعدی سەركردەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان، پلانی سەپاندنی یاسای بەسەر شاری كەركووك سەپاند، دواتر رایان گەیاند دوو لەو "تیرۆریستان"ەی بەشداریی هێرشەكە بوون گیراون.

لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند كە ئەو دوو كەسەی گیراون،ددانیان بە تاوانەكانیان ناوە و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە، ددانیان بەوەشدا ناوە پێشتر هێرشیان كردووەتە سەر مەفرەزەیەكی تری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شۆریجە.

هێرشەكانی داعش تەنیا كەركووك و مووسڵی نەگرتووەتەوە، بەڵكو بەمدواییە لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا چەندان هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی سوپای عێراقی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.

میلیشیاكانی حەشد نایشارنەوە كە داعش چەندان هێرشی كردووەتە سەریان، دەڵێن بە مووشەك وەڵام دراونەتەوە و ئەوان رایان كردووە بۆ بیابانی حەسەكە لە سووریا.

لەسەر ئەو پرسە عێراق دەیەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی سووریا بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنووری هاوبەشی نێوانیان.

 ماجید عەزاوی ئەندامی لیژنەی بەرگری و تەناهی دەڵێ، سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەیەوێت هێزی پاسەوانی سنووری پڕچەك بكات و لە بودجەی 2018 پارەی بۆ تەرخان كراوە كە كامێرای پێشكەوتووی چاودێری و فڕۆكەی بێ فڕكەوانیان بۆ دابین بكات.

زیاتر گوتی "جگە لەمانە، ئەوا چەكی مامناوەند و قورسیش دەدرێت بەو هێزە تا توانای وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی داعشی هەبێت".

پرسی تۆكمەكردنی سنوور لە نێوان عێراق و سووریا، لە كاتێكدایە پێش دروستبوونی داعشیش ئەو سنوورە لاواز بووە و بە ئاسانی گرووپە چەكدارە توندڕۆكان توانیویانە بیبەزێنن، لە 2014 سەدان داعش لەو سنوورەوە پەڕینەوە و مووسڵیان داگیركرد و تا نزیك بەغدا رۆیشتن.

عەزاوی ئاشكرای دەكات كە سەردانی زۆر لە نێوان عێراق و سووریا ئەنجامدراوە لەسەر ئاستی سەركردایەتیی هێزەكانی سنوور، وەزیری ناوخۆ و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، ئەمە جگە لە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان (رووسیا، ئێران، سووریا و عێراق).

عەبدولعەزیز حەسەن پەرلەمانتاری لیژنەی بەرگری و تەناهی پێی وایە راستە داعش لە رووی سەربازییەوە كۆتای پێهاتووە، بەڵام هێشتا لە رووی هزرییەوە چالاكە، ئەمە جگە لە رۆڵی هەواڵگری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی كە لە ماوەی رابردوودا یارمەتی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەیان داوە و بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان جووڵاندوویانن.

ئەوەشی گوت، "جووڵەی نوێ هەیە، پێدەچێ لە سووریا سەرهەڵبداتەوە بەهۆی ململانێی توندی نێوان ئەمەریكا و رووسیا جگە لە ململانێ هەرێمایەتییەكان".


سەرچاوە/ قودس


وشە - فه‌رمان سادق