له پارێزگای سلێمانی 43 هه‌زار كرێچی هه‌ن و به‌گشتی كه‌متر له هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر كرێنشیناندا دابه‌ش كراوه و ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه كه‌متر 5%ی كرێچییانی سلێمانی، خانوویان بۆ دابین كراوه. ئه‌وه له كاتێكدا چه‌ند ساڵێكه سێ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌و شاره ته‌واو كراون و تا ئێسته دابه‌ش نه‌كراون و به‌و هۆیه‌وه خه‌ریكه ده‌بن به كه‌لاوه.
له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌كانی وه‌ربه‌هێنان له بواری نیشته‌جێبوون بۆ خزمه‌تی هه‌ژار و كرێچی هاته راگه‌یاندن، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كرێچی سوودی لێ نه‌بینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی قه‌به‌تر و مامناوه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.
به‌رهه‌م قه‌ره‌داغی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان, به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 80 هه‌زار كرێچی تۆمار كراون، به‌ڵام له‌و ژماره‌یه پشكی شێر به‌ر پارێزگای سلێمانی كه‌وتووه كه زیاتر له ٣٠ هه‌زار كرێچی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ژماره‌ی كرێچییه تۆمارنه‌كراوه‌كانیشی بخرێته سه‌ر، ئه‌وا ئاماره‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كرێچی ده‌بێت مانگانه به‌شێكی به‌رچاو له داهاته‌كه‌ی به خاوه‌ن خانوو بدات، هه‌ر دۆخێكی خراپی ئابووری كه دێته كایه‌وه زیاتر له هه‌ر توێژێكی تر، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كرێچی دروست ده‌كات. به گوته‌ی قه‌ره‌داغی "دۆخی كرێچییان ناله‌باره و له هه‌موو توێژه‌كانی تر مه‌ترسی زیاتریان له‌سه‌ره".
هه‌لی كار له كوردستان كه‌م بووه‌ته‌وه و هه‌ندێك له كرێچییان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر فرۆشتنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شیان به تایبه‌تی گورچیله. قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت "كرێنشین له ناو شاری سلێمانی هاتووه‌ته لامان و پێی گوتین ته‌نیا له‌پێناو پێدانی كرێ خانووه‌كه‌ی، ئاماده‌یه گورچیله‌ی بفرۆشێت."
به‌گوێره‌ی ئامار و زانیارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان، مۆڵه‌ت به 181 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دراوه، له‌و ژماره‌یه كه‌متر له 600 یه‌كه بۆ كرێچییان بووه له پارێزگای سلێمانی و له كۆی 30 هه‌زار كرێنشین له‌و شاره 564یان خانوویان پێ دراوه و ئه‌وه‌ی تری بۆ توێژی ده‌وڵه‌مه‌ند و مامناوه‌ند بووه. له سندووقی نیشته‌جێبوون و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش، خانوو زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه دابین كراوه كه توانای كڕینی خانوویان هه‌بووه.
بوونی ئه‌و ژماره زۆریه كرێچی و سوودمه‌ند نه‌بوونیان له پرۆژه‌كان له كاتێكدایه سێ هه‌زار شووقه له سنووری سلێمانی چه‌ند ساڵێكه ته‌واو كراون و به كرێچی نه‌دراون، به‌و هۆیه‌شه‌وه ئێسته كۆن بوون و به‌كه‌ڵكی نیشته‌جێبوون نه‌ماون و ده‌بێ نۆژه‌ن بكرێنه‌وه، هه‌رچه‌نده هێشتا ژیانی تیادا نه‌كراوه.
لای خۆیه‌وه زیاد كاكه‌ڕه‌زا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆری كرێنشین هه‌ن و ئه‌و خانوانه‌ی له ڕابردوودا دروست كراون، كێشه‌ی زۆریان تێدایه و كه‌ڵكی ئه‌وه‌یان نییه ئێسته به‌سه‌ر كرێچییاندا دابه‌ش بكرێن، چونكه له ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه زۆر خراپن, له هه‌ڵه‌بجه‌ش شوقه و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێچی دروست كراون، به‌ڵام ئه‌وانیش گرفتیان زۆره و جارێ سوودیان بۆ كرێچیی نییه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌باره‌ی ئه‌و یه‌كانه‌وه ده‌ڵێت، كاتێك پڕۆژه‌كان چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، له ته‌نده‌ره‌كه باس له خزمه‌تگوزاری ئه‌و پڕۆژانه نه‌كراوه، بۆیه خزمه‌تگوزارییان بۆ نه‌چووه و كێشه‌یان هه‌یه.
مه‌حموود عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له پارێزگای سلێمانی زیاتر له 450 هه‌زار خێزان هه‌ن، له‌و ژماره‌یه %12یان ئه‌و خێزانانه‌ن كه خانووی خۆیان نییه، واته 54 هه‌زار خێزان. له‌وانه %17یان كه ده‌كاته 11 هه‌زار خێزان، ئه‌وانه‌ن كه له ماڵی باوك یان خزم و كه‌سوكاریان یان له خانووی حكوومین و كرێ ناده‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه 43 هه‌زار خێزانه كه كرێچین.
ئه‌و ده‌ڵێت "له ساڵی 2013 توانراوه 654 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دابه‌ش بكرێ به‌سه‌ر كرێنشینان، هه‌روه‌ها سێ هه‌زار شوقه‌ی تر له جێبه‌جێكردندان و كێشه‌ی خزمه‌تگوزارییان هه‌یه و له دوای ساڵی 2014 نه‌توانراوه كاریان تێدا بكرێت".
وشه/ سلێمانی- هۆشیار عه‌لی