وەزارەتی كارەبا دەیەوێت كارەبا بۆ 20 ئەمپێر كەم بكاتەوە" />

"وشە" هۆكاری پچڕانی كارەبا ئاشكرا دەكات
وەزارەتی كارەبا دەیەوێت كارەبا بۆ 20 ئەمپێر كەم بكاتەوە

:: PM:12:36:24/11/2016 ‌

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بۆ بەكاربردنی لە رادەبەدەری كارەبا لای هاووڵاتییان و هەندێك كێشەی تەكنیكی دەگەڕێنێتەوە، نووسراوێكیشی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە تا رەزامەندی پیشان بدات بۆ ئەوەی ٢٠ ئەمپێر كارەبا بە هەر هاوبەشێك بدات.

لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرمی لە شار و شارۆكەكانی كوردستان، سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیش بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە. ئەم رۆژانە كاتێكی دیاریكراو بۆ هاتنەوە یان پچڕانی كارەبای نیشتمانی نییە و ئەوەش لای هاووڵاتییان نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە. 
محەمەد ئەمین هەورامانی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد هەمان ئەو كارەبایە بەرهەم دەهێنن كە مانگێك پێش ئێستە بەرهەمیان دەهێنا و خەڵكیش لە سەعاتەكانی كارەبایان رازی بوون، بەڵام ئێستە كە بڕی پێدانی سەعاتەكانی كارەبا كەمی كردووە، پێوەندی بە ئاستی لە رادەبەدەری بەكاربردنی كارەبا هەیە لە كوردستاندا.

ئەو گوتی گوشارێكی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەبا هەیە و خەڵك بێ بەزەیییانە سەرجەم ئامێرەكانی گەرمكەرەوە پێ دەكەن، ئەوەش وای كردووە لە هەندێك شوێن كێشەی تەكنیكی بێتە كایەوە و بە گشتیش سەعاتەكانی پێدانی كارەبا كەم ببنەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا، ئێستە لە هەرێمی كوردستان دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت لەكاتێكدا ئاستی پێداویستی خەڵك بە كارەبا بۆ نزیكەی شەش هەزار مێگاوات بەرز بووەتەوە.

ئەو روونی كردەوە كە ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەرزی سەرمادا سەرووی ١٢ سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات و هۆكاری ئەوەی ناتوانێت زیاتر دابین بكات، ئەوەیە ئاستی بەكاربردن زۆر بەرزە و تا سیستەمێكی رێكوپێك بۆ ئەو مەبەستە دانەنرێت و زێدەڕۆیییەكان لەناو نەبردرێن، كارەباش بەردەوام لەگەڵ ئەو كێشانە بەرەوڕوو دەبێت.

ژمارەی هاوبەشەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە ملیۆنێك و ٤٥٠ هەزار هاوبەش و لە شارەكانی كوردستانیش چەندان كەمپی جیاواز بۆ ئاوارەكان كراونەتەوە كە پێویستییان بە كارەبا هەیە، جگەلەمە خەڵك ئەمساڵ نەوتی نییە و ناچارە بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان هانا بۆ وزەی كارەبا ببەن. هەورامانی ئەوەشی خستە ڕوو، داوایان كردووە نەوت بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت تا ئەو گوشارە لەسەر كارەبا كەم ببێتەوە.

پێویستە بگوترێت یەكێك لە بەرنامەكانی وەزارەتی كارەبا ئەوەیە ئەمپێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان بۆ ٢٠ ئەمپێر كەم بكاتەوە و داخوازییەكەشی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت. هەورامانی دەڵێت ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران رازی بێت هەوڵ دەدەن جێبەجێی بكەن و بەمەش سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بەرز دەبێتەوە و خەڵكیش دەبێت خۆیان رابهێنن لە چوارچێوەیەكی سنووردار سوود لە كارەبا وەربگرن.

ئەو كارەبایەی بە هاووڵاتییان دەدرێت، سنوورێكی دیاریكراوی نییە و ئەوەش وای كردووە كاتێك كارەبای نیشتمانی دەگەڕێتەوە، خەڵك سەرجەم ئامێرە كارەبایییەكانیان پێ بكەن و بەمەش گوشار بۆ سەر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بێتە كایەوە و سەعاتەكانی پێدانی كارەبا داببەزن. ئەگەر هەر هاوبەشێك لە خوارووی ٢٠ ئەمپێر كارەبا بەكار بهێنێت، ئەوا وزەیەكی زۆر گل دەدرێتەوە و بەمەش سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بەرز دەبنەوە.


وشە - سلێمان تاشان