بانگەشەی هەڵبژاردن.. حەوت وەزیر لە لێپرسینەوە دەرباز دەكات

:: PM:12:01:13/03/2018 ‌


لە كاتێكدا پەرلەمان دەرگەی دەركردنی یاسا دادەخات، چەندان پڕۆژە لەسەر رەفەكانی چاوەڕوانی رووناكی و تیشك خستنەسەرن كە بەشی زۆریان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە، بەڵام بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن و بایكۆتەكانی ئەمدواییە، پەرلەمانی عێراق ناتوانێ 165 كۆ یەك، بۆ دانیشتنێكی پەرلەمان كۆ بكاتەوە بۆ گفتوگۆ و دەرچوواندنی پڕۆژە یاساكان كە گرنگترینیان دادگای فیدڕاڵ و نەوت و گاز و كێشە موڵكایەتی و خاوەنداریەتی نێوان پارێزگاكان.

 بەگوێرەی دەستوور، خولی سێیەمی ئێستەی پەرلەمانی عێراق لە كۆتای مانگی نیسانی داهاتوو كۆتای پێ دێت، هاوكات لە 10ی هەمان مانگیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەم دەست پێ دەكات، ئیتر لەو رۆژەوە بەدواوە پەرلەمان دەبێتە كاربەڕێكەر تا مانگی تەمووزی داهاتوو كە خولی چوارەم دەستبەكار دەبێت و متمانە بە حكوومەتی نوێ دەدات. لەم ماوەیەی لە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوە، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ بەستنی دانیشتنی پەرلەمان و تێپەڕاندنی چەندان یاسا، بەڵام پێ دەچێ هەوڵەكان شكست بهێنن بەهۆی ئامادە نەبوونی رێژەیی یاسایی ئەندامانی كە دەبێت 165+یەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كە ژمارەیان 328 پەرلەمانتارە، ئامادەی دانیشتنەكان ببن.

بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەو خولەی ئێستە دیسان كاندیدن بۆ خولی چوارەم، ئەمەش وای كردووە ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبن و سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بن، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا چەندان وەزیری دیاری كابینەكەی عەبادی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن بۆ لێپرسینەوە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و هەروەها زیاتر لە 30 پڕۆژە یاسا لەسەر رەفەكانی پەرلەمانن و چاوەڕوانی دەرچوواندنی دەكەن كە لەو ژمارەیە، 10 پڕۆژەیان راستەوخۆ پێوەندارە بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان، بەڵام هەموو ئەوانە دەبنە قوربانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
لە دیارترین ئەو پڕۆژانەی لە پەرلەمانە و چاوەڕوانی دەرچوواندنی دەكرێت، یاسای دادگای فیدڕاڵ، نەوت و غاز، دەستەی كێشەی موڵكایەتیی نێوان پارێزگاكان كە پارێزگاكانی كەركووك، مووسڵ، نەجەف، كەربەلا و ناسڕییە دەگرێتەوە، یاسای مافی هەرێمەكان و پارێزگاكان، یاسای رێكخستنی پێوەندییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ 15 پارێزگاكەی تر، یاسای رێكخستنی نیشتەجێبوون و رێگریكردن لە نیشتەجێبوونی بەڕەڵلایی، یاسای چاودێری تەندروستی، یاسای خوێندنی بەزۆر، یاسای باری كەسێتی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، یاسای چاودێری بێ نەوایان و بێوەژنانی قوربانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و تیرۆر كە بەمدواییە پێشكەشی پەرلەمان كراوە.

هەموو ئەو پڕۆژە یاسایانە چاوەڕوانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەكات لەمڕۆوە تا 10ی مانگی داهاتوو، بەڵام پێ ناچێت پەرلەمان بتوانێت یەك كۆبوونەوەش ئەنجام بدات بەهۆی ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكان و سەرقاڵبوونیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

لەسەر ئەو پرسە ماجید شەنگالی دەڵێ، پەرلەمان ناتوانێ هیچ یەكێك لەم پڕۆژە یاسایانە بكاتە یاسا، هۆكاریش ئەوەیە دانیشتنەكانی ئەو كاتەی لە بەردەست پەرلەمان ماوە، زیاتر دانیشتنی رۆتینی دەبێت و خۆی لە پرسە گرنگەكان دەدزێتەوە بەهۆی ئەوەی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە.

ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێك لە هەرە هۆكارە سەرەكییەكان، تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانە لە دانیشتنەكاندا، ئەوانە وایان كردووە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانە ببێتە ئەستەم.

عەلی بەدری پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاندووە كە پەرلەمان هیچ یاسایەك لە دانیشتنەكانی داهاتوویدا دەرناكات، چونكە ئەندامانی پەرلەمان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبن، جگە لەمەش كێشە لە نێوان فراكسیۆنەكان پەرلەمان هەیە بە تایبەت لەسەر پرسی بودجە كە هێشتا لەسەری رێككەوتن نەكراوە، بۆیە ئەوە وادەكات ئەو پرسانەی لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان دەخرێتە كارنامە، ئەو پرسانەن كە ناكۆكی لەسەر هەیە، ئەمەش وا دەكات ئەو پڕۆژانە لەسەر رەفەكانی پەرلەمان بمێننەوە بۆ خولی داهاتوو.

زیاتر گوتی "جگە لەمە رەنگە هەندێك فراكسیۆن لەم ماوەی لە بەردەست ماوە، وەها پڕۆژەیەك پێشكەش بكەن كە زیاتر مەبەست لێی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت. بۆ ئەوەی ستەم لە كەس نەكرێت، باشترە ئەو پڕۆژانە بۆ خولی داهاتوو بەجێ بهێڵرێن تا بە سیاسی نەكرێن".

هەندێك لەو پڕۆژە یاسایانەی لەم خولەی پەرلەمان بۆ خولی چوارەمی دەمێنێتەوە، هی خولی یەكەمە، لەوانە یاسای نەوت و غاز و یاسای دادگای فیدڕاڵ و كێشەی موڵكایەتیی نێوان پارێزگاكان، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو پڕۆژانە ململانێی سیاسی نێوان لایەنەكانی لەسەرە و هێشتا لەسەری رێككەوتن نەكراوە، لە پەرلەمان دەرنەچوێنراوە بە تایبەت یاسای نەوت و غاز كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كێشەی لەسەرە.
 
عەبدولكەریم جبووری پەرلەمانتاری هێزە سوننەكان پێی وایە، دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان سزای توندی ئەو پەرلەمانتارانە بدات كە لە دانیشتنەكانی داهاتوو ئامادە نابن، تا بتوانرێت ئەو یاسایانە دەربكرێن كە خەڵك پێویستی پێیانە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو یاسا زۆر گرنگانەش كە تا ئێستە رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، تەنانەت رێككەوتنی ئەوەشی لەسەر نەكراوە بۆ خولی داهاتوو بگوازرێتەوە.

عیماد یوحەنا بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لە هیچ وەزیرێك بكات بەهۆی كەمی كات و ئامادە نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان. گوتی "بانگهێشتی لێپرسینەوە لە وەزیرەكانیش دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان پووچەڵ دەبێتەوە، تەنیا لەو كاتە نەبێت دۆسیەكەی رەوانەی دادگا بكرێت".


وشە - فه‌رمان سادق