ناڤالنی تاكە ركابەری پوتین لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە

:: PM:02:20:13/03/2018 ‌
چاوەڕوان دەكرێت 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رووسیا ئەنجام بدرێت. پوتین بۆ جاری چوارەم خۆی كاندید دەكاتەوە و حەوت كاندیدی تریش كە مەترسی نین بۆ سەری كاندیدن، بەڵام ناڤالنی تاكە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كە كێبەركێی سەخت لەگەڵ پوتین دەكات بە یاسا لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە و تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دەخرێتە پاڵ.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی تۆمار كردووە و بەشداری لە هەڵبژاردنەكە دەكات. بەگوێرەی زۆرینەی راپرسییەكان پوتین لەم هەڵبژاردنە 70%ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ كەنارگرتنی كێبەركێكارانی كە دیارترینیان ئەلێكسی ناڤالینییە.

ئەگەرچی بۆ ئەم هەڵبژاردنە جگە لە ناڤالینی حەوت كەسی تر خۆیان كاندید كردووە، بەڵام بەشێك لەوان لە هەڵبژاردنی رابردووش خۆیان تاقی كردووەتەوە و شكستیان هێناوە، بۆیە چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی بوونی ئەو حەوت كاندیدە نابێتە هەڕەشە لەسەر پوتین.

ئەلێكسی ناڤالینی (تەمەن 41ساڵ) لەلایەن لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردن لە 25ی مانگی رابردوو لە خۆ كاندیدكردن دوور خرایەوە بەهۆی ئەوەی لە دادگا بڕیاری دژ دەرچووە.

لە بارەی تۆمەتەكانی خراوەتە پاڵی، ناڤالینی دەڵێ ئەوە كاری پوتینە و ئەو خۆی ئەو كەسانەی ئێستە ناویان لە لیستی كاندیدی هەیە، هەڵبژاردووە كە ئەوانە هیچ مەترسییەكیان لەسەر پوتین و داهاتووی ئەو نییە. ناڤالینی داوای لە هەوادار و جەماوەرەكەی كرد بایكۆتی هەڵبژاردن و دەڵێ ئەو پرۆسەیەی بە نیاز بووین بەشداری تێدا بكەین، بوو بە داوەت خواردن نەك هەڵبژارن. وەك توانجێك لە رێگریكردنی وای گوت.

ناڤالینی كەسایەتیی دیاری رووسیا كە ئۆپۆزسیۆنی سەرسەختی پوتین و سیاسەتەكانی بووە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2013 دەركەوت كاتێك كێبەركێی لەگەڵ سێرگی سوبیانین كاندیدی پشتگیریكراو لەلایەن كرملین و بەرپرسی پێشتری دیوانی سەرۆكایەتیی رووسیای كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی شارەوانی مۆسكۆی پایتەخت. لەو هەڵبژاردنەدا توانی بە كۆكردنەوەی 27%ی دەنگەكان پلەی دووەم بەدەست بهێنێت. لەو  رۆژە بەو دواوە، ناڤالینی وەك كەسایەتییەك و چالاكێك لە شەقامی رووسی ناسرا بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵێ كە زیاتر مەبەست لە دەسەڵاتی پوتین بوو.

بەو دەركەوتنە بەرچاو و گەورەیە، ناڤالینی بوو بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی بێ ركابەری پوتین، بۆیە هەرزوو دەزگە و دامەزراوە یاسایییەكانی وڵات بەدواوەی بوون بۆ تۆمەتباركردنی بە كەتنێك یان تاوانێت. لە مانگی شوباتی 2014 دادگای رووسیا بڕیاری دوو مانگ مانەوە و دەرنەچوونی لە ماڵ بەسەردا سەپاند و بێبەشی كرد لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایل و هەموو هۆیەكانی پێوەندیكردن، دوای ئەوەی تۆمەتبار كرا بە شووشتنەوەی پارە بۆ بڕاندی جوانكاری (ئیڤ روشیە)ی بەناوبانگی فڕەنسی. دوای تەواوكردنی سزاكە، ناڤالینی گوتی ئەوەی رووی دا تەنیا هەڕەشەیەك بوو بۆ بێدەنگكردنم!

لە ساڵی 2017 توانی دادگای باڵای رووسیا تانە لە بڕیارەكە بدات و لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلای بكاتەوە، پاشان ئەستۆپاكی لەلایەن دادگاوە راستەوخۆ بڕیاری خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە هەڵبژاردنی مانگی ئاداری 2018 راگەیاند.

هێشتا ناڤالینی خۆی تۆمار نەكردبوو، دادگای شاری كیروف بە تۆمەتی دزیكردن لە حكوومەت تۆمەتباری كرد، پارێزەری ناڤالینی دەڵێ بوونی ئەو تۆمەتە وادەكات بریكارەكەی نەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكات، ئەمەش بە پێی یاسای هەڵبژاردن.

 رۆژی 12ی حوزەیرانی 2017 كە بە رۆژی نیشتمانی رووسیا ناسراوە، ناڤالینی داوای خۆپیشاندانی لە هاووڵاتییانی مۆسكۆ كرد كە رێگری بكەن لە گەندەڵكاری، بەڵام پۆلیس گرتی بە بیانووی ئەوەی رەزامەندی حكوومەتی بۆ وەرنەگیراوە.

لە 30ی مانگی رابردوو، دادگای باڵای رووسیا وەڵامی تانەكەی ناڤالینی دایەوە دژ بە بڕیاری رێگریكردن لە خۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی رووسیا، بەڵام دادگا لە دژ ناڤالینی بڕیاری دا. پارێزەری ناڤالینی دواتر رای گەیاند كە بڕیارەكەی دادگا سیاسییە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پرسەكە دەگوازێتەوە بۆ دادگای مافەكانی مرۆڤ لە یەكێتیی ئەوروپا، گوتی "بڕیارەكەی دادگا گومان هەڵدەگرێت كە چیتر رووسیا جێی فرەیی سیاسیی نییە".

 لە 28ی مانگی رابردوو، جارێكی تر ناڤالینی بانگهێشتی پۆلیس كرا لە مۆسكۆ، دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی كردبوو دژ بە بڕیارێكی حكوومەت كە بۆ نییە خۆی بۆ هەڵبژاردن كاندید بكات.                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                           

ناڤالینی كە لە رووسیا بەهەموو شێوەیەك رێگری لێ دەكەن، وای كردووە میدیای ئەوروپا بە ماندێلای رووسیا ناوی ببەن و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش دەنگ بداتەوە. كلای نویل گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانیی وڵاتەكەی راگەیاند لە رێگریكردن لە ناڤالینی، بە دوایدا ناریا زاخاروڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە توندی وەڵامی دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە و ئەو هەڵوێستەی بە دەستوەردان لە كاروباری رووسیا لێكدایەوە.

سەرچاوە/ جەزیرە


وشە - فه‌رمان سادق