هەڵوێستی فڕۆكەخانەكانی كوردستان لەسەر بڕیاری ئەمڕۆی بەغدا

:: PM:03:20:13/03/2018 ‌
دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی پێنجشەمەوە دەست پێ بكەنەوە، فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، ئەوان ئامادەكارییان كردووە و هیچ كێشەیەكیان نییە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، دوای ڕێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغدا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق ڕای گەیاند كە گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆژی پێنجشەم دەست پێ دەكاتەوە.

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بەغدا بڕیاری دا كە ڕۆژی پێنجشەم گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەست پێ بكەنەوە، ئەوان ئامادەكارییان كردووە و لە ڕووی هونەری و تەكنیكییەوە هیچ كێشەك نییە بۆ دەست پێكردنەوەی گەشتەكان.

زیاتر گوتی، فڕۆكەخانەی سلێمانی یەكەم گەشتی لە ڕۆژی پێنجشەم هەیە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام ئێستە چاوەڕێی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەكەن بۆ ئەوەی خشتەی فڕینەكان ئامادە بكەین بۆ دەرەوەی وڵات.

ڕوونی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ دادەنرێت بۆ فڕۆكەخانەكان لە ڕووی پاراستن و تەناهییەوە و بە هاوبەشی هەردوولا، بەڵام نازانین كەی و چۆن ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت.

لە دوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017، حكوومەتی عێراق وەك سزایەك و كاردانەوەیەك بەرانبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 26ی ئەیلوول بریار درا گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو  سلێمانی ڕابگرێت.

"وشە" دەقی بڕیارەكەی عەبادی بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم