كورتهێنانى بودجه‌ى ئه‌مه‌ریكا 215 ملیار دۆلارى تۆمار كرد

:: PM:03:53:13/03/2018 ‌
حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند، له‌ مانگى رابردوو 215 ملیار دۆلارى وه‌ك كورتهێنانى بودجه‌ تۆمار كرد.

 وه‌زاره‌تى دارایى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا راگه‌یاند، له‌ مانگى رابردوو كه‌ مانگى فێبرایه‌ر بوو، 215 ملیارى وه‌ك كورتهێنانى بودجه‌ تۆمار كرد، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هۆكارى كورتهێنانه‌كه‌ش كه‌میى داهات و زۆریى خه‌رجى بووه‌.

 به‌مه‌ش كورتهێنانى بودجه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ پێنج مانگى رابردوودا واته‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا مانگى رابردوو، ده‌گاته‌ 391 ملیار دۆلار.

ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ پێنج مانگى ساڵى رابردوو به‌راورد بكرێت، ئه‌وا زۆر زیاتره‌، چونكه‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2016 تا مانگى فێبرایه‌رى 2017 كورتهێنانى بودجه‌ 351 ملیار دۆلار بوو.

شاره‌زایانى ئابوورى له‌ ئه‌مه‌ریكا هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى كورتهێنان له‌ بودجه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گێڕنه‌وه‌،  له‌وانه‌ كه‌میى داهات و زیادبوونى خه‌رجییه‌كانى حكوومه‌ته‌.

 جیا له‌و هۆكاره‌ش وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كورتهێنانى بودجه‌ هێشتا به‌رز ببێته‌وه‌،  به‌هۆى ئه‌وه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌ى تره‌مپ له‌ كۆتاكانى ساڵى رابردوودا، بریارى دا ئاستى باج وه‌رگرتن كه‌م بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌شێك له‌ داهاتى حكوومه‌ت كه‌م ببێته‌وه‌.

 له‌ ته‌واوى ساڵى دارایى رابردوو بودجه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ بڕى 666 ملیار دۆلار كۆرتهێنانى تۆمار كرد.

سه‌رچاوه‌ / cnbc


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل