لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەمە سوورییە

:: PM:04:04:13/03/2018 ‌

بەگوێرەی نەریتێكی كۆنی كوردەواری، هەموو ساڵێك چەند رۆژێك بەر لە هاتنی ساڵی نوێی كوردی و دەستپێكردنی جەژنی نەورۆز، لە رۆژهەڵاتی كوردستان رێوڕەسمێكی تایبەت بەڕێوەدەچێت كە بە چوارشەمە سووری ناسراوە. ئەم رێوڕەسمە ئێوارەی رۆژێك بەر لە دوایین چوارشەمی ساڵی كوردی دەست پێ دەكات بەهۆی ئەوەی كە سبەی دواین چوارشەمی ساڵی 2717ی كوردییە، ئەمڕۆ كاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكەیە.

رێوڕەسمەكە سەرەتا بە بەخشینی دیاری بە منداڵان لە دوای نیوەڕۆدا دەست پێ دەكات. منداڵانی گەڕەك لە كاتێكدا هەر كامە و جانتایەكیان پێیە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی دیارییان پێشكەش بكرێت. پێدانی هێلكەی رەنگاورەنگ، پسكویت، چپس و گوێز، سنجوو، برێشكە و پارە، ئەو دیارییانەن كە دەدرێنە منداڵان.

ئەوان دروشم و هۆنراوەی تایبەتی دەڵێنەوە كە لە باب و باپیرانیان بۆیان ماوەتەوە. "سەری ساڵێ و بنی ساڵێ، خوا پێتان بێڵێ گەورەی ماڵێ."   لەگەڵ تاریكبوونی كەشوهەوا لە سەرجەم گوند و گەڕەك و شارۆكەكان ئاگر دەكرێتەوە. دواتر گەنجان و تەنانەت كەسانی بە تەمەنیش بە رێكخستنی نمایش و رازاندنەوەی "شەمۆ" و هەندێك جاریش بە لەبەركردنی جلوبەرگی ژنان و سەماكردن لەكاتێكدا دەمامكیان پۆشیوە بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و لە بەرامبەر بەخشینی خۆشی و شادی، دیاری وەردەگرن.

پێشتر كە سەربانەكان نزم بوون و هەر ماڵێك كولانەیەكی هەبوو، گەنجان لە سەربانەوە پشتێنیان شۆڕ دەكردەوە و داوای دیارییان دەكرد. ئەوانەش هۆنراوەی تایبەت بە خۆیان دەگوتەوە. "جاڵجاڵۆكە بە حەواوە.... سەدوسی سوار راوەستاوە..... خوا كوڕەكەتان بكات بە زاوا."

هەندێك ساڵ حكوومەتی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەكە لەمپەر دروست دەكات، بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچ لەمپەرێك خەڵكی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەتەوەیییەكان سارد نەكردووەتەوە.

لەم چەند ساڵەی دوایی لەگەڵ ئەو نەریتە كۆنانە، یاری ئاگری دەكرێت و تریقەی جۆراوجۆر دەتەقێنرێتەوە و ئەمەش بووەتە مایەی مەترسی بۆسەر خەڵك.















وشە - سلێمان تاشان