كڕینی دەنگ دەستی پێ كرد.. حزب و كەسایەتییەكان پەنا بۆ دەڵاڵەكان دەبەن

:: PM:04:11:13/03/2018 ‌

 
 لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی، حزبە سیاسییەكان و قەوارەكان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان مانەوە لە دەسەڵات هەموو رێیەك تاقی دەكەنەوە تا دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنن، ئەمەش وای كردووە لە نێوان ئەوان و دەنگدەراندا بازاڕێكی نوێ لە عێراق دروست ببێ بە ناوی بازاڕی دەڵاڵی دەنگ، كاری ئەو دەڵاڵانە كڕینی دەنگی هاووڵاتییانە بە پارە و فرۆشتنەوەیەتی بە حزب و قەوارە سیاسییەكان.
 
لە كاتێكدا عێراق بە دۆخێكی ئابووری ناسەقامگیر و تەنگژەی داراییدا تێپەڕ دەبێت، حزب و قەوارە سیاسییەكان پەنا بۆ دەڵاڵەكان دەبەن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و گەیشتن بە دەسەڵات، بەشێك لە بەرپرسانی سیاسی و حكوومی بەرپرسیاریەتی ئەو بازرگانیكردنە بە دەنگی هاووڵاتییان دەخەنە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كە نەیتوانیوە بە كاری چاودێریكردنی بە باشی ئەنجام بدات و چاودێری كاری ئەو حزبانە بكات كە پەنا بۆ وەها كارێك دەبەن كە دەرچوونە لە چوارچێوەی یاساكانی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆنی لە رێی چەندان رێنوێنی دووپاتی لێ دەكاتەوە.

بەرپرسێكی سیاسی ئاگادار ئاشكرای دەكات، هەڵمەتی حزبە سیاسییەكان بۆ كڕینی دەنگی هاووڵاتییان بە شێوەیەكی بێ شومار ماوەیەكە دەستی پێ كردووە. گوتی "چەندان رێ هەن بۆ كڕینی دەنگ، حزب هەیە چەندان دەڵاڵی هەیە كە دەنگی بۆ كۆ دەكەنەوە و سوود لەو دۆخ و تەنگژە دارایییە دەبینن كە هاووڵاتییان بەدەستەوە گیرۆدە بوونە".

ئەو بەرپرسە سیاسییە ئاگادارە بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاند، دەڵاڵەكان هەموویان ئەو كەسایەتییانەن كە لەناو عەشیرەت یان كۆمەڵگەدا پێگەیان هەیە و ناسراون، حزبە سیاسییەكان كێبەركێ و ململانێ دەكەن بۆ كڕینی ئەو دەڵاڵانە و پارەی خەیاڵی و بەڵێنی گەورە گەورەیان پێ دەدەن بەرانبەر بە دەستخستنی ئەو دەنگانە.

 ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەولاشەوە دەڵاڵەكان دەستیان بە چالاكی خۆیان كردووە بۆ كڕینی دەنگی هاووڵاتییان، چ بە گەڕان و دەركەوتن لەگەڵ نوێنەرانی ئەو حزبانە تا بانگەشەی هەڵبژاردنیان بۆ بكەن لە رێی دابەشكردنی دیاری و پارە بەخشینەوە، یانیش لە رێی بەڵێندان بە دامەزراندنی كەسوكاری ئەوانە بەرانبەر بە وەرگرتنی دەنگەكانیان.

ئەوەشی گوت، "دەڵاڵەكان توانیویانە دەنگێكی ئێجگار زۆر بۆ حزبە سیاسییەكان دەستەبەر بكەنن لە رێی بەخشینەوەی دیاری بەسەر ئەو خێزانانەی نایانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن و نایانەوێت دەنگ بدەن، ئەوا بە پارە و دیاری دەنگەكانیان دەكڕن".

 زیاتر گوتی "بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەی ئێستە هەیە لە كڕینەوەی دەنگ، دەكەوێتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كە لێپرسینەوە لە حزبە سیاسییەكان و كەسایەتییەكان ناكات كە پێشێلكاری یاسایی دەكەن و پابەندی مەرج و رێنوێنییەكانی كۆمسیۆن نابن".

لەسەر ئەو پرسە حیسام جومەیلی سەركردە لە رەوتی مەدەنی عێراق دەڵێ، پێویستە لەسەر كۆمسیۆن رۆڵی چاودێری خۆیی بەسەر حزب و كەسایەتییەكان توندتر بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات لەو كاتەی لەسەری سەلمێنرا كە پێشێلكاری یاسایی كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو كە مامەڵەكردنی حزب و كەساتییەكان لەگەڵ دەڵاڵەكان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دابەشكردنی دیاری بە شێوەیەكی ئاشكرا و بێ سڵەمینەوە لە یاسا و مەرجەكانی كۆمسیۆن، ئەوا پێشێلكارییەكی زەقە و رێز نەگرتنە لە كۆمسیۆن و یاسا بەركارەكانی عێراقی.

جومەیلی بۆ "عەرەبی جەدید" گوتی، "گەیشتنی ئەو حزبانە بە دەسەڵات كە لە بنەڕەتدا بە پێشێلكردنی یاسا گەیشتوونەتە دەسەڵات، وادەكات چوار ساڵی داهاتووش عێراق لە بڕی ئەوەی بەرەوپێشەوە بڕوات، ئەوا هەنگاوەكانی بۆ دواوە دەبن بێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی هەبێت".

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی عێراقی، سزای حزب و كەسایەتییەكان كە یاسای هەڵبژاردن و رێنوێنییەكانی كۆمسیۆن جێبەجێ نەكات لە پێژماردنی پارە تا دەگات بە بەندكردن ئاماژەی بۆ كراوە.

جەبار عانی شارەزای كاروباری هەڵبژاردن دەڵێ، لە یاسای هەڵبژاردن مەرج دانراوە بۆ هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، كاتی دەستپێك و كۆتاهاتنیش دەستنیشان كراوە، تەنانەت لە یاسایەكەدا كۆمەڵێك وردەكاری گرنگیش باس كراوە لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردن كە لەسەر حزب و قەوارەكان پێویستە جێبەجێ بكەن و لێی لا نەدەن.

روونی كردەوە، لە یاسایەكەدا سزا بۆ ئەوانەش دەستنیشان كراوە كە یاساكە پێشێل دەكەن تا دەگات بە سزای كڕینی دەنگی دەنگدەران. گوتی "یاساكە زۆر روون باسی هەموو شتێكی كردووە، بەڵام پێویستی بە جێبەجێكردن و چاوپۆشی نەكردن هەیە لە كەسایەتی و حزبەكان".
 
لەسەر دەڵاڵیكردن بۆ حزب و كەسایەتییەكان، كۆمسیۆن دەڵێ لە هەوڵی ئەوەداین رێوشوێنەكان توندتر بكەین و چاودێری پێشێلكارییەكانیش بكەین بە هاوكاری لەگەڵ لایەنی پێوەندار تا هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەوپەڕی بێلایەنی پێوە دیار بێت.

غەسان عامری دەڵێ، كۆمسیۆن چاودێری هەموو پێشێلكارییەكی یاسای هەڵبژاردن دەكات، پاشان تۆماری دەكات، بەڵام ئەوە پێویستە لەگەڵ لایەنی جێبەجێكار و یاسایی بەیەكەوە لێپرسینەوە لە سەرپێچیكاران بەگوێرەی یاسا بكرێت.

 جێی باسە لە 12ی مانگی ئایاری داهاتوو، هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەكات، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنیش بێت لە 10ی مانگی داهاتوو تا 10ی ئایار، ماوەی هەڵمەتی پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام لە ئێستەوە حزب و كەسایەتییەكان لە رێی سۆشیال میدیا و رێیەكانی تریش دەستیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن كردووە و ئەوەی ماوەتەوە بە فەرمی لە رۆژی خۆیدا پۆستەرەكانیان لە شوێنە گشتییەكان هەڵواسن.




وشە - فه‌رمان سادق