مەسروور بارزانی: خوازیارین پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ چین فره‌وانتر بێ

:: PM:04:47:13/03/2018 ‌
مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ باڵوێزی چین، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ فرەوانتركردنی پێوەندیە هەمەچەشنەكانی هەرێم لەگەڵ چین دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە چین ویتچینگ باڵوێزی كۆماری چین لە بەغدا و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا دوا ڕەوشی ناوچەكە و پێوەندییەكانی چین لەگەڵ هەرێمی كوردستان و رێكارەكانی پێشخستنی ئەو پێوەندیانە تاوتوێ كران.

باڵۆزی چینی ستایشی رۆڵی هەرێمی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم كرد و گوتی، هەرێم لە دابین كردنی ئارامی و ئاسایش سەركەوتوو بووە، ئەمەشیان زەمینەیەكی لەبار دروست دەكات بۆ ئەوەی هەرێم لە گشت بوارەكانی تر سەر لە نوێ رێگەی پێشكەوتنی زیاتر بگرێتەبەر.

باڵوێزی چینی ئاماژەی بەوە دا كە وڵاتەكەی خوازیارە لە ڕووی ئابووری و كولتووریەوە پێوەندیی فرەوانتری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت.

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، خوستی هەرێمی كوردستانی بۆ فرەوانتركردنی پێوەندیە هەمەچەشنەكانی هەرێم لەگەڵ چین دەربڕی و ئاماژەی بە ئەوەدا كە كۆماری میللیی چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەكی بەهێزی هەیە و خوازیارین ئەم پێگە كارایە بۆ چارەسەریی كێشە چەقبەستووەكان و سەقامگیریی زیاتری ناوچەكە بەكار بهێنن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم