25 كۆمپانیا و كەسایەتی لە فرۆشتنی چەكی كیمیایی بۆ تاوانی هەڵەبجە تێوەگڵاون
ئەمڕۆ بە فەرمی سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیا و كەسایەتییانە تۆمار كرا كە چەكی كیمیاییان بە ڕژێمی لێخراوی بەعس فرۆشتووە و تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەی پێ ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، گابرێت هاڤی سەرۆكی دەستەی دادوەری تایبەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیا و كەسایەتییانەی چەكی كیمیاییان بە رژێمی لێخراوی بەعس فروشتووە لە هەڵەبجە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕای گەیاند، لە دادگای هەڵەبجە سكاڵامان لەسەر ئەو چەند كۆمپانیایە تۆمار كرد كە هاوكاری رژێمی بەعسیان كردووە بۆ دەستكەوتنی چەكی كیمیایی.
زیاتر گوتی، سكاڵاكەی ئەمڕۆ تۆمار كراوە درێژە پێدەری ئەو سكاڵایە دەبێت كە لە دادگای فڕەنسا لەسەر چەند كۆمپانیاییەك تۆمار كراوە و ئومێد هەیە كە سكاڵاكە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەڵەبجەدا كۆتای بێت.
هەرچەندە هاڤی ئامادەنەبوو ناوی ئەو كۆمپانیایانە ئاشكرا بكات كە چەكی كیمیاییان بە بەعس فرۆشتووە، بەڵام ڕای گەیاند كە 25 كۆمپانیا و كەسایەتی ئەوروپی و ئەمەریكی لەو كارەدا تێوەگڵاون.
كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئاداری ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی لێخراوی بەعس ئەنجام درا و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی پێكهاتوو لە ژن و منداڵ و گەنج شەهیدكران و 10 هەزار كەسیش برینداربوون، لەكاتەوە تا ئێستە ئاسەواری كیمیاباران بەسەر برینداران و هاووڵاتییانی ھەڵەبجەوە ماوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم