ڕاوی ماسی قەدەغە كرا

:: PM:06:07:13/03/2018 ‌

بە بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕاوی ماسی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ‌ مانگ قەدەغە كرا و بەرپرسێكیش لەو وەزارەتە دەڵێت، ئەو بڕیارە بەمەبەستی پاراستنی سامانی ماسییە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی ئادار/ مارس، بە بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بڕیاری قەدەغەكردنی ڕاوی ماسی دەرچووە و سەرپێچیكار سزا دەدرێت لە ماوەی سێ‌ مانگی داهاتوو ئەگەر ڕاوی ماسی بكات.

خالس ئەحمەد بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەكو ساڵی پار هیچ گۆڕانكارییەك لە پلانی پاراستنی سامانی ماسیی و بەرهەمەكەی نییە و  هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، ساڵانە بە پشكنینی ڕێژەی ئاو و گەرم بوونی بڕیار دەدەین كە كەی ڕاوە ماسی ڕابگیرێت بەهۆی دانانی گەرا بۆ ئەمساڵیش لە 15ـی ئادار تا 14ـی حوزەیران ڕاو قەدەغە كراوە.

ساڵانە بەمەبەستی زیادبوونی بەرهەمی ماسی و دانانی گەرا و زاوزێی ماسی لە هەرێمی كوردستان ڕاوی ماسی بۆ سێ مانگ قەدەغە دەكرێت لەو كاتەش هەر كەسێك ڕاوی ماسی بكات ئەوا سزای مادی دەدرێت و كەلوپەلەكانی ڕاویشی دەستی بەسەردا دەگیرێت.



وشە - رامیار جەواد