وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریكا كێیە؟

:: PM:06:28:13/03/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لادانی ریكس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای لە پۆستەكەی و دانانی مایك پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگڕیی ناوەندیی ئەمەریكا (سی ئای ئەی)ی لەو پۆستە راگەیاند.

هاوكات تڕەمپ رای گەیاند كە جینا هاسبیل، وەك بەڕێوەبەری نوێی ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی دامەزراند كە پێشتر پۆستی جێگری بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسەی هەبووە، ئەوەیش دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆی بەڕێوەبەری ئاژانسەكە ئەمڕۆ كرایە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریكا لە شوێنی تیلرسن كە ترەمپ لە نووسینەكەی لە تویتەر سوپاسی كرد لەسەر خزمەتەكانی بۆ وڵاتەكەی.

مایك پۆمپیۆ كێیە؟

مایكڵ پۆمپیۆ، : Michael Pompe سیاسەتوان و كارسازی ئەمەریكایی و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریكا (سی ئای ئەی)، ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بوو لە سەر ویڵایەتی كانساس لە 2011ەوە تا 2017، هەروەها ئەندامی بزووتنەوەی پارتی چای بووە لەناو پارتی كۆماری و ئەندامی لیژنەی نیشتیمانی پارتی كۆماری بووە و لە 18ی نۆڤێمبەری 2016 دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كاندیدی كرد بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا و لە 23ی كانوونی دووەمی 2017 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا رەزامەندی پێشان دا و هەر ئەورۆژە پۆستەكەی وەرگرت.

پۆمپیۆ لە شاری ئۆرانج لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لەدایك بووە و و چووەتە قوتابخانەی لۆس ئەمیگۆسی دواناوەندی لە شاری فوونتین فالی لە كالیفۆڕنیا و لە 1982 تەواوی كرد و دواتر پێوەندی كرد بە ئەكادیمیای سەربازیی ئەمەریكایی لە نیویۆرك و لەوێ ئەندازیاریی میكانیكی خوێند و لە 1986 یەكەم بووە لەسەر خولەكەی و دواتر لە 1986ەوە تا 1991 چووتە ریزەكانی سوپای ئەمەریكا و بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسا لە زانكۆی هارڤارد بەدەست هێنا و دواتر وەك ئیدیتۆر لە گۆڤاری هارڤاردی بواری یاسا كاری كردووە و دوای ئەوە وەك پارێزەری كۆمپانیای ولیامز و كۆنۆلی بواری یاسایی كە یەكێكە لە ناودارترین كۆمپانیاكانی پارێزەری لە واشنتن، كاری كردووە. 

پۆمپیۆ لە 2010 وەك كاندید بۆ چوارەم هەرێمی ویلایەتی تێكساس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دیاری كرا و ئەو كات بەسەر راج گویل، كاندیدی پارتی دیموكرات بە رێژەی 59% بۆ 39% سەركەوت و دوای ئەوە لە ساڵانی 2012 و 2014 و 2016 دووبارە هەڵبژێردرایەوە و لەسەردەمی بوونی وەك ئەندام لە ئەنجوومەنی نوێنەران پۆمپیۆ ئەندام بووە لە لیژنەكانی هەواڵگری و وزە و بازرگانی و پێوەندیدار بە بازرگانی و پیشەسازی و وزە و دەسەڵات و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی و لە لیژنەی بەنغازی بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شاری بەنغازی لە لیبیا دیاری كرا.

لە 17ی نۆڤێمبەری 2016 دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا پۆمپیۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) كاندید كرد و لە 24ی كانوونی دووەمی 2017 بە فەرمی ئەو پۆستەی وەرگرت لە دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران لەسەری.

لە شوباتی 2017 پۆمپیۆ سەردانی هەریەك لە توركیا و سعوودیەی كرد و چاوی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا كەوت چەند پرسێكی لەوێ تاوتوێ كرد كە پێوەست بوون بە تەنگژەی سووریا و دوای ئەوە سەردانی سعوودیەی كرد و لەوێ مەدالیای (جۆرج تینیت)ی بەخشییە محەمەد كوڕی نایف ئالسعوود، شازادەی جێنشینی ئەو كاتەی سعوودیە، كە ئەوەیش یەكەم ئاماژەی بوونی پێوەندیی بەهێزی نێوان ئەمەریكا و سعوودیە بوو.  

پۆمپیۆ كە بەپێی بۆچوونی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە هەردوو پارتی سەرەكیی ئەو وڵاتە كەسێكی زیرەك و باوەڕی بە كاری بەكۆمەڵ هەیە و كەسێكی بەتوانایە و تێگەیشتنی باشی لەبارەی پرسەكانی پێوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی هەیە، ئەو پاڵپشتی لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران كردووە.

بە پێی قسەكانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دیموكراتەكان پۆمپیۆ ئەو بنیاتنەری سیاسەتەكانە و كەسێكی رژد و وردە، ئەگەرچی دژی داخستنی زیندانی گوانتانامۆ و پاڵپشت بووە بۆ پێویستی كۆكردنەوەی زانیارییەكان و پرۆگرامەكانی چاودێریكردن لە ئەمەریكا.

لای خۆیەوە پۆمپیۆ لە دژی رێككەوتننامەی ئەتۆمی 2015 بووە لەگەڵ ئێران و بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی داوە و لە كۆبوونەوەیەك لە 2014 لەگەڵ رۆژنامەوانان پێشنیازی ئەوەی كردووە كە ئەمەریكا بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی تاران بكات. 

جیا لەوەیش پۆمپیۆ لە دژی رێكخستنی دەرچوونی گازەكانی بووە كە هۆكارن بۆ قەتیسبوونی گەرمی بە مەبەستی سنوورداركردنی گۆڕانكاریی كەشوهەوا، لەو كاتەی ئاژانسی هەوڵگریی ئەمەریكا بەم دواییە ناوەندێكی بۆ پرسە نێودەوڵەتییەكان دامەزراند كە چاودێریی قەتیسبوونی گەرمی بكات بەو پێیەی ئەو پرسە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا. هاوكات چەند هەڵوێستێكی هەیە كە لەگەڵ ترەمپ یەك ناگرێتەوە لەبارەی جموجۆڵەكانی رووسیا لە ئۆكراینا و پاڵپشتی سەربازییەكەی بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا كە هەروەها لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت و ئەو لە كۆڕبەندی ئاسایش لە 2015 گوتی، رووسیا بوونێكی بۆخۆی دروست كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێستە تەوەری رووسیا- ئێرانی لەوێ هەیە كە ئازادانە كار دەكەن.  

وەك لە "ئیرم نیوزدا" هاتووە، بۆمبیۆی تەمەن 53 ساڵ یەكێكە لە توندترین كەسایەتییەكان لە بەرانبەر كۆریای باكور، هەروەها بە ئاشكرا رەخنە لە ئێران دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەكات كە هەوڵی بوون بە گەورە هێزی ناوچەكە دەدات وز پێشتریش داوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ تاران كردووە.

ماوەیەكە بۆمبیۆ بۆ شوێنگرتنەوەی تیلەرسن كاندید كراوە كە بە ئەندامێكی توندڕەوی كۆنگرێسی ئەمەریكا دادەنرا بەر لە بوونی بە بەڕێوەبەری هەوڵگری و ئەو لە رەوتی نەیارە بۆ مۆسكۆ و پێشتریش پووتینی بە سەركردەیەكی ترسناك وەسف كردووە.

سەرچاوە: رۆیتەرز 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل