"بەپێی پێرەوی ناوخۆ نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە"

:: PM:06:37:13/03/2018 ‌
هەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەستنی كۆنگرە بەردەوامە، بەڵام بەرێوەچوونی كۆنگرە دەكەوێتەوە دوای دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەرچاوەیەكی نزیكیش لە سەركردایەتی یەكێتی وەڵامی ئەو لێدوانانە دەداتەوە كە باسیان لەوە كردبوو نەجمەدین كەریم ئێستە ئەندامی سەركردایەتی نییە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، سەرچاوەیەكی نزیك لە سەركردایەتی یەكێتی كە لەسەر داوای خۆی ناوی بڵاو ناكرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی بەو دۆخەی ئێستەیەوە كۆنگرە نابەستێت، بەڵكو دەیخاتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی و نزیك لە بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە نەجمەدین كەریم كە (ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە) لە سەركردایەتی یەكێتی دەركراوە.

بەڵام سەرچاوەكەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، بەپێی پێڕەوی ناخۆی یەكێتی نەجمەدین كەریم هێشتا یەكێتییە و لە ریزەكانی ئەو حزبە دەتوانێت بەردەوام بێت بەپێی ئەو پلەی كە هەیەتی.

د. نەجمەدین كەریم، پارێزگاری لەكار لادراوی كەركووك دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەو شارەدا نەماوە و بەردەوام لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی دژایەتی دەكرێت و هەوڵی دەركردنی لەناو ئەو حزبە دەدرێت لەكاتێكدا بەپێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتی لادانی بەرپرسانی باڵا تەنیا لە كۆنگرەدا دەبێت.

بەپێی قسەی سەرچاوەیەك، تا ئێستە نەجمەدین كەریم دەستی لە یەكێتی نەكێشاوەتە و نە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەش لە كۆبوونەوەدا لەكاریان لاداوە.

"وشە" چەندان جار پێوەندی بە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەم بارەیەوە هیچ قسەیەك بكەن.


سلێمانی/ هەستیار




وشە - سه‌رخێڵ هاشم