"كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان گەورەترە"

:: PM:07:54:13/03/2018 ‌
مامۆستایەكی كۆلیژی یاسا و رامیاری لە زانكۆی سەڵاحەدین ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا بڕیاری لەسەر داوە لەبارەی ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، كردنەوەی دەرگەیەكی گفتوگۆیە، بەڵام كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەوە گەورەترە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، د. ساڵح مەلا عومەر مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەرە و حاڵەتێكی زۆر خراپ رۆیشتووە و بەغدا دەیویست پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر هەرێم دروست بكات و پێشبینی دەكرا كە سزای گەورەتری كوردستان بدات.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا بڕیاری لەسەر داوە لەبارەی ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، كردنەوەی دەرگەیەكی گفتوگۆ كردنە، بەڵام كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەوە گەورەترە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ بەپێویستی زانی كە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ڕووی دیپلۆماسییەوە كار بكات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، سەرباری ئەوە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ خۆی دروست بكات.

د.ساڵح مەلا عومەر دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە كێشەكانی كورد لە ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان گەورەترە و پێویستە كورد وریاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكات.

لێدوانی ئەو مامۆستایەی زانكۆ لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق بریاریدا كە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە و بەڵێنیشی دووپات كردەوە كە پێش هاتنی جەژنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات.

كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە و دوێنێش لەمیانەی دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەماوەی ڕابردوودا چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دراون و ناكرێت چارەسەركردنی كێشەكان لە ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكاندا كورت بكرێنەوە، بەڵكو كێشەی ئێمە كێشەی سیاسیی و نەتەوەیی دوور و درێژن. دووپاتیشی كردەوە كە دەبێت هەموو دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، نەك تەنیا چەند خاڵێك لەناو دەستوور هەڵبژێرن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم