موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر ئاماژە بۆ پرسی پاڵپشتیكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بۆ وەرگرتنەوەی خولێكی تری سەرۆك وەزیران رای دەگەیەنێت كە هێشتە بڕیاری نەداوە، بەڵام ئەو پرسە پێوەستە بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بە نەهێشتنی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی كە لە دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق تەشەنەی كردووە.
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە وەڵامی یەكێك لە لایەنگرانی لەبارەی هەڵوێستی لە بەرانبەر بەدەستهێنانی دووەم خولی سەرۆكایەتیی وەزیرانی لەلایەن عەبادییەوە، رای گەیاند كە دواتر هەڵوێستەكەمتان پێ رادەگەیەنم، چونكە مەرجەعیەت و گەل و ئێمە و ئێوەیش چاوەڕوانی ئەوەین كە ئەو بەڵێنەكەی بە نەهێشتنی گەندەڵی بێنێتە دی.
2ی مانگی شوباتی رابردوو سەدر داوای سازكردنی گردبوونەوەیەكی ملیۆنی كرد بۆ هەڵبژاردنی كەسانی پاك و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران و وریایی لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن لەلایەن هاووڵاتییان دا بەوەی گەندەڵكاران دەسەڵاتیان بۆ دەمێنێتەوە.
عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی دەچێت كە بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو بێتە سازكردن و نەهێشتنی گەندەڵی درووشمی زۆرینەی لیستەكانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە 2015ەوە باسی نەهێشتنی گەندەڵی دەكات تا ئێستە نەیتوانیوە شتێكی وا لەو بەڵێنانەی لەو بارەوە جێبەجێ بكات.