بە وێنە.. لە هەولێر نەخۆشێك دوای 34 ساڵ مەقەستێك لەناو سكی دەرهێنرا

:: PM:08:23:13/03/2018 ‌

لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر كە نەخۆشخانەیەكی حكوومییە لە شارەكەدا، نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ نەخۆشێك ئەنجامدرا و مەقەستێك لەناو سكی نەخۆشێك دەرهێنرا كە بەپێی زانیارییەكانی "وشە" 34 ساڵ پێش ئێستە لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر لە كاتی نەشتەرگەری ئەومقەستە لە ناو سكی بە جێماوە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی ئادار/ مارس، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕووداوێكی زۆر سەیری پزیشكی نەخۆشێك ساڵی ( ١٩٨٤) دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ كرابوو مەقەستێك لە ناو سكی بە جێمابوو، ئەمڕۆ دوای (٣٤) ساڵ بە حالەتی كت و پڕ لە نەخۆشخانەی ڕزگاری توانرا مقەستەكەی لە سكی دەربێنن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، ئەو نەشتەرگەریە لە لایەن پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەری د.سەرهەنگ حسێن بە سەركەوتووی ئەنجامدرا  و ئێستەیش نەخۆشەكە لە ژێر چاودێری چڕدایە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری و باری تەندروستی جێگیرە.

كرمانجی ئاشكرای كرد، ئەو نەشتەرگەرییە زیاتر لە دوو سەعات بەردەوام بووە و مقەستەكەیش كەلوپەلی ساڵانی زووە كە بەهەمان شێوە لەكاتی نەشتەرگەری لەناو سكی جێماوە.

یەكەم جار نییە كەلوپەلی پزیشكی لەناو سكی نەخۆش لەكاتی نەشتەرگەری جێدەمێنێت و پیشتریش چەندان حاڵەتی لەم جۆرە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەبووە.













وشە - رامیار جەواد