حەسەن نەسروڵا چۆن بیر دەكاتەوە؟

:: PM:09:15:13/03/2018 ‌

ماڵپەڕێكی ئێرانی ئاماژە دەكات كە حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك هاووڵاتیی ئێرانی كە نیشتەجێی لبنانن رای گەیاندووە كە پێشتر شیعە لە لبنان ستەملێكراو و چەوساوە بوون و ویلایەتی فەقێكان ئەوانیان پاراست، بۆیە فەرمانی ئەوان ئەركە بۆ جێبەجێكردن.

ماڵپەڕی "فەردا نیوز"ی ئێران لەو بارەوە دەڵێت، نەسرۆڵا باسی دۆخی شیعەی لە لبنان كرد پێش سەركەوتنی شۆرشی ئیسلامی لە ئێران و فەرمانڕەوایی ویلایەتی فەقێكان و گوتی، شیعە لە لبنان سەركوت كرابوون و هیچ پاڵپشتییەكیان نەبوو وەك تایفەكانی تر كە لەلایەن سعوودیە و رووسیا و بەریتانیا و فڕەنسا پاڵپشتی دەكران. 

زیاتر گوتی، تاكە هیوای شیعەی لبنان ئیمام موسای سەدر بوو كە لە شاری قومی ئێرانییەوە هات، بەڵام زانایانی لبنان پێیان دەگوت كە تۆ ئێرانیت، كەچی سەدر بوو كە شیعەی بەئاگا هێنایەوە ئەو كاتەی متمانەیان بەخۆیان نەبوو، چونكە لەو وڵاتە هەمیشە فەرمانڕەوایی بەدەستی عوسمانییەكان و ئیبن تیمیە و عەباسییەكان بووە و شیعە نەیانتوانیوە بیروباوەڕی خۆیان دەربخەن.

نەسروڵا زیاتر گوتی، زۆرێك لە شیعە بەو هۆیەوە بوونە سوننە و شاری تەرابلووس بەر لە 100 ساڵ شیعەنشین بووە و دانیشتوانەكەی شیعە بوون، هەروەها شاری سەیدا كە ئێستە بوونەتە سوننە. ئەوە زیاتر لەوەیش ئاماژەی كرد كە میشال عەون، سەرۆكی لبنانی كە كریستیانە، لە نەوەی عەلی كوڕیب ئەبو تاڵیبە و زۆرێك لە شیعەكانی لبنان لە ناوچەی جەزین بوونەتە سوننە یان كریستیان و بۆیەش ناوچەی جەزین بووەتە كریستیان.

لەبارەی دروستبوونی حزبوڵای لبنانیشەوە نەسروڵا گوتی، ئێمە لەگەڵ شۆرشی ئێرانەوە لەدایك بووین و لەو شۆڕشەدا ژیان و بوونی خۆمان بەدەست هێناوە و گرنگترین ئەزموونی ویلایەتی فەقێكانیش لە دەرەوەی ئەو وڵات لە لبنان بوو و ئەگەریش ئێستە سەربەرزانە دەژین بەهۆی پارە و چەكەكەمان نییە، بەڵكو بەهۆی باوەڕمانە بە ویلایەتی فەقێكان. 

ئەو ئاماژەی كرد كە باوەڕی حزبوڵای لبنانی بە ویلایەتی فەقێكان لە باوەڕی ئێرانییەكان خۆیان بەهێزترە، چونكە باوەڕی ئێمە زیاترە و ئێمە باوەڕمان وایە كە گوێڕایەڵی ویلایەتی فەقێكان گوێڕایەڵی پابەندییە.

نەسروڵا دووپاتی كردەوە، پێگەی ویلایەتی فەقێكان لە سەرووی دەستووری لبنانییە و وای دادەنێین كە فەرمانەكانی وەلی فەقێ ئەركێكی سەپێنراوە، لەبارەی هەڵوێستی حزبوڵای لبنانی بەرانبەر بەشار ئەسەدیش نەسروڵا گوتی، ئێمە لە سووریا لە پێناو بەشار ئەسەد ناجەنگین، بەڵكو ئێمە لە پێناو تەشیوع دەجەنگین و ئەگەر حزبوڵا و ئێران نەبوونایە سووریا دەكەوت، بۆیە ئەمڕۆ شیعە لەو پەڕی دەسەڵاتیاندان لە ناوچەكەدا.  

هاوكات نەسروڵا دووپاتی كردەوە كە بوونی شیعە و مەزار و شوێنە پیرۆزەكانیان لە دنیا پێوەستە بە بوونی كۆماری ئیسلامیی و گەلی ئێرانەوە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل