گرێبەستەگەورەکەی نێوان رووسیا و تورکیا نه‌خشه‌ی وزه‌ له‌ جیهان ده‌گۆڕێت

:: PM:04:56:11/10/2016 ‌
هێڵی گازی "تورکیش ستریم" ساڵانە ٦٠ ملیار مەتر سێجا گازی رووسیا دەگەیەنێتە تورکیا و ئەورووپا. بە پراکتیککردنی ئەو پڕۆژەیە تورکیا دەکاتە گرنگترین رێگەی ترانزیتی گاز بۆ ئەورووپا.

تورکیا و رووسیا رێککەوتنەکەیان کردووە و میدیاکانی تورکیاش ئەو گرێبەستە بە گەورەترین گرێبەستی وزە هەژمار دەکەن کە لە میانەی بیست و سێیەمین کۆنگرەی جیهانیی وزە لە ئیستانبۆل واژوو کراوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلێ، هێڵەکە چوار لوولەی گاز لەخۆ دەگرێت و هەر کامێکیان ساڵانە ١٦ ملیار مەتر سێجا لە گازی رووسیا لە رێگەی دەریای رەشەوە دەگەیەنێتە تورکیا. مەبەستی رووسیا ئەوەیە لە ناردنی گاز بۆ ئەورووپا چیتر پشت بە ئۆکرانیا نەبەستێت.

دالغا خاتین پسپۆڕی وزە لە گۆڤاری Natural Gas World ، بۆ دۆیچەوێلێ باسی لەوە کردووە نیوەی هەناردەی گازی رووسیا لە ئۆکرانیاوە تێدەپەرێت و تا ساڵی ٢٠١٩ کۆتایی بە ماوەی گرێبەستی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی گاز بەرەو ئەورووپا دێت و پێشبینی دەکرێت لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکان، رووسیا ئامادە نەبێت گرێبەستەکە درێژ بکاتەوە.



بە گوتەی ئەو پسپۆڕە لە دەیەی داهاتووی زایینیدا، ئەورووپا  ساڵانە پێویستی بە ١٨٠ تا ٢٨٠ ملیار مەتر سێجا گازی رووسیا دەبێت. بڕی وەبەرهێنان بۆ هێڵی تورکیش ستریم بریتییە لە ١١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و هەر یەک لە تورکیا و رووسیا و لەوانەیە هەندێک کۆمپانیای تری جیهان لە وەبەرهێنانەکەدا بەشداری بکەن.

ئاسۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە

سەبارت بە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا لە قەیرانی سووریا و کریمیا و واژووکردنی گرێبەستێکی لەم شێوەیە، ئیلهام شەبان بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی نەوتی خەزەر دەڵێت، دەکرێت بە تەواوبوونی یەکێک لە لوولەکانی  پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٩،  تورکیا چیتر لەو لوولەیە گاز وەرنەگرێت کە لە رێگەی رووسیا و ئۆکرانیاوە، دوای تێپەڕین بە سێ وڵاتدا بەدستی دەگات.

بەڵام سێ لوولەکەی تر دەبێت لە تورکیاوە درێژ بکرێنەوە بەرەو ئەورووپا. ئێستە تورکیا ٥٣% لە پێداویستییەکانی  وڵات بە گاز لە رووسیا دابین دەکات و لە داهاتوودا ساڵانە لە ئازەربایجانیش ١٦ ملیار مەتر سێجا گاز دەکڕێت کە ١٠ ملیار مەتر سێجا لەو گازە بۆ ئەورووپا دەنێرێت.

 بەو پێیە تورکیا دەبێتە جەمسەرێکی گرنگی گواستنەوەی وزە بۆ ئەورووپا و رووسیاش ئاسوودەتر لە جاران گازەکەی بە ئەورووپا دەفرۆشێت.

پسپۆڕەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە رووسیا لەو هێڵە، وەکوو کارتێکی گوشار دژی ئەورووپا سود وەردەگرێت و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لەو پڕۆژەیە گرنگیی بە گواستنەوەی گازی ئازەربایجان، تورکمانستان و ئێران و ناوچەکانی تر وەکوو ئەلترناتیڤێک بدات.

بە گوتەی ئیلهام شەبان ریککەوتنە ئابوورییەکان و بەهێزتربوونی پێوەندییە بازرگانییەکان، کاریگەرییان بۆسەر کەمکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان هەیە، بەڵام رووسیا و تورکیا لە زۆرێک لە کێشەکانی ناوچەکە ناکۆکی قووڵیان هەبووە.



بەڵام دالغا خاتین پێی وایە ئێران وەکوو رەکابەرێکی رووسیا بۆ هەناردەکردنی گاز هاتووەتە مەیدان و لە کۆنگرەکەی ئیستانبۆلیش سێ لوولەی گواستنەوەی گازی بۆ وەبەرهێنەران ئاشکرا کردووە کە بە هێڵی شەشەم و نۆیەم و یازدەیەم ناسراون. 

لوولەی شەشەم رۆژانە ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا گاز دەداتە عێراق و بڕێکی زیاتریش لە داهاتوودا بۆ سووریا  ولوبنان ده‌نێرێت. هێڵی نۆیەم گازی پارسی باشووری ئێران دەگەیەنێتە تورکیا و دەبێتە رکابەرێک بۆ گازی رووسیا.

ئەم پسپۆڕە روونی دەکاتەوە هێڵی گازی ئێران لە باشوورەوە بۆ تورکیا خەرجێکی زۆر هەڵدەگرێت و بە درێژایی هەزار و ٩٠٠ کیلۆمەتر رادەکێشرێت و پێناچێت بۆ ئێران قازانجێکی زۆری هەبێت. جگەلەمە لە مەرزی تورکیا و ئێرانیشەوە تا ئەورووپا دەبێت سێ هەزار کیلۆمەتر رابکێشرێت.



تورکیا زیاتر بە رووسیا دەبەسترێتەوە
ئومێد شوکری پسپۆڕی وزە لە ڤیرجینیای ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو کە واژووکردنی گرێبەستی تورکیش ستریم بە واتای بەسترانەوەی زیاتری تورکیا بە رووسیا دێت و قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و رووسیا هەموو کاتێک زیاتر لەسود و قازانجی رووسیا دا بووە.

نیوەی پێداویستی تورکیا بە گاز لە رووسیاوە دێت و جگە لە گاز، تورکیا نەوت و خەڵووزیش هەر لە رووسیاوە هاوردە دەکات. جگەلەمانە یەکەم وێستگەی ناوکیی تورکیا بە قەبارەی وەبەرهێنانی ٢٢ ملیار دۆلار لەلایەن کۆمپانیا پسپۆڕەکانی رووسیاوە بنیات دەنرێت. ئەو دەڵێت تورکیا لەرووی ژێرخانی دامەزراوەکانی کۆگاکردنی وزە، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوویە و دیاریش نییە ئایا رووسیا رێگە بە تورکیا دەدات وەکوو ترانزیتی گواستنەوەی وزە سودی تەواو لە هێڵەکە وەربگرێت.

وشە/دۆیچەوێلێ_و:سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان