ئەتلەتیكۆ مەدرید پلانێكی بۆ پارێزگاریكردن لە گریزمان داڕشتووە

:: AM:09:54:14/03/2018 ‌

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە بۆ پارێزگاریكردنی لە هێرشبەرە فڕەنسییەكەی ئەنتوان گریزمان رێگریكردن لە چوونی بۆ یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

زۆرێك لە سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان جەختیان كردووەتەوە گریزمان لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە رێككەوتووە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوو بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ روو لە یاریگەی كامپ نوو بكات.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی پلانێكی نوێی بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئاشكرا كرد بۆ پارێزگاریكردن لە گریزمان ئەوش زیادكردنی مووچەكەیەتی لە وەرزی داهاتوودا.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید پلانی داڕشتووە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دوو یان سێ یاریزانی تیپەكەی بفرۆشێ بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا بتوانێ مووچەی گریزمان و یان ئۆبلاكی گۆڵپارێزی یانەكەی زیاد بكات.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەیەوێ بەو رێگەیە و بەزیادكردنی مووچە گریزمان رازی بكات گرێبەستێكی نوێیان لەگەڵ ئیمزا بكات و ماوەیەكی درێژتر لە ریزی یانەكەدا یاری بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماڵپەڕی (یۆرۆ سپۆڕت)ی فڕەنسی ئاشكرای كردبوو كە گریزمان خۆی یەكلایی كردووەتەوە و بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو لەبەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات و تا ئێستاش پابەندە بەو بەڵێنانەی بە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی داوە.

گریزمان لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا تا ئێستا 16 گۆڵی بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تۆمار كردووە و لە ریزبەندی پێنجەمی گۆڵكارانی خولەكە دێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م