ریال مەدرید بە پارەی كۆمپانیاكان گرێبەست لەگەڵ نیمار دەكات

:: AM:10:17:14/03/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا گەورەترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێدا ئیمزا بكات ئەویش گرێبەستی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: كێشەی گەورەی یانەی ریال مەدرید لە گرێبەستەكەی نیمار برێتییە لەو پارەیە كە یانەی پاریس سان جێرمان وەك مەرج بۆ فرۆشتنی ئەو ئەستێرەیە دیاری كردووە كە 400 ملیۆن یۆرۆیە.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە بانگهێشتی سەرجەم ئەو كۆمپانیانەی كردووە كە ئامادەن لەبەرامبەر ریكلامكردن و فرۆشتنی جلوبەرگ و كەلوپەلی وەرزشییەوە لە گرێبەستەكەی نیماردا بەشداربن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد چەند كۆمپانیایەكی تایبەتی كەلوپەلی وەرزشی ئەمەریكی ئامادەییان پێشانداوە لە گرێبەستەكەی نیمار هاوكاری یانەی ریال مەدرید بكەن و بۆ ئەمەش ئامادەن بەهای 60%ی گرێبەستی ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل بدەن.

ئەو 40%ی كە لە بەهای گرێبەستی نیمار دەمێنێتەوە، یانەی ریال مەدرید خۆی لە پارەی فرۆشتنی بەشێك لە ئەستێرەكان بەتایبەتیش گاریس بێڵی ویڵزی و كەریم بەنزیمای فڕەنسی دەیدات بە یانەی پاریس سان جێرمان.

ئەو كۆمپانیا ئەمەریكییە كە ناوەكەی تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە هەروەها بڕیاریداوە لە ساڵی 2020 سپۆنسەری گشتی یانەی ریال مەدرید لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان وەربگرێتەوە كە ساڵانە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ دەدەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م