راپەڕینی دهۆك لە زمانی چەند شایەتحاڵێكەوە

:: AM:11:11:14/03/2018 ‌



لە رۆژێكی وەك ئەمرۆدا لە 14ی ئاداری ساڵی 1991، خەڵكی دهۆك دژی رژێمی بەعس راپەڕین و شارەكەیان رزگار كرد. هەر بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە دهۆك كۆمەڵێك چالاكی بەڕێوە دەچن.

 لە ئێوارەی‌ درەنگی رۆژی 13ی ئادار هاووڵاتییانی دهۆك بەنهێنی كۆ بوونە‌وە و كات و ساتی راپەڕینیان دیاری كرد و رۆژی دواتر شاری دهۆكیان لە دەست رژێمی بەعس دەرهێنا و ئازادیان كرد.

ئیسماعیل عەبدوڵا یەكێكە لە شارەزایانی مێژوو لە شاری دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی رێكەوتی 13ی ئاداری ساڵی 1991 نێزیكەی 300 كەس لە ماڵی كەسێك بەناوی ئیبراهیم عەلی كۆ بوونەوە بۆ ئەوەی باس لە چۆنیەتیی راپەڕینی شاری دهۆك بكەن، دوای ئەوەی لە هەردوو شارۆكەی زاخۆ و ئاكرێ راپەڕین كرا و سەركەوتوو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە بەیانی رۆژی 14 ئادار راپەڕین لە دهۆكیش بكرێت. راپەڕین بە بەشداریی پێشمەرگە بوو و شوێنی راپەڕین رۆژهەڵاتی رووباری شاری دهۆك و شندوخا تا گەلی دهۆك دەستنیشان كران. سەرەتا لە راپەڕینی دهۆك چاوەڕێی سەعاتی سفر بوون كە ئەویش سەعات چواری شەو بوو و بەو شێوەیە شاری دهۆك رزگار كرا و راپەڕین سەركەوتوو بوو.

بە گوتەی ئەو شارەزایەی مێژوو، سەرەتا راپەڕین بە چەكی "ئار پی چی" بوو بۆ سەر بنكەی پۆلیسی بەعس لەناو سەنتەری شار و دواتر بە كڵاشینكۆف و بیكەیسی، لە بەرەبەیانی رۆژی 14 ئادار هێرشێكی بەرفراوان بە بەشداریی هەموو چین و توێژەكانی شاری دهۆك وەك پاڵپشتی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان كرا و تا سەعات 11ی بەیانی زۆربەی شاری دهۆك رزگار كرا، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك پێشمەرگە و هاووڵاتی لە شاری دهۆك شەهید بوون.

مامۆستا ناسر سلێمان كە باوكی ئەو لە راپەڕیندا بەشداری كردووە دەڵێت، "باوكم بەر لە كۆچی دوایی زۆر جار باسی لە راپەڕینی دهۆك دەكرد، ئەوان وەك جەماوەر لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان تەنیا لە ماوەی یەك رۆژدا توانییان شاری دهۆك رزگار بكەن، بەڵام بێجگە لە پێشمەرگە، چەك و تەقەمەنی بە دەست جەماوەریش بوو، تەنانەت ژن و منداڵەكان بە چەپڵەڕێزانەوە بەشدارییان لە راپەڕینی دهۆك كرد و رژانە سەر شەقامەكان.

بە گوتەی ئەم مامۆستایە ئەوەی لە راپەڕینی دهۆكدا دەستكەوت، شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە رژێمی بەعس زۆر بە دڕندانە كەوتە رەشبگیری و كوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوانی شاری دهۆك، بەڵام بە هیمەتی پێشمەرگە و خەڵكی دهۆك توانییان شاری دهۆك رزگار بكەن كە ئەمەش سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو بۆ گۆڕینی ژیانی چەوساوە بۆ ژیانێكی زۆر خۆش و ئارام.

سەرەتای راپەرین لە پارێزگای دهۆك لە شارۆكەی ئاكرێ لە رێكەوتی 12ی ئادار دەستی پێ كرد، دواتر ئێوارەی هەمان رۆژ لە شارۆكەی بەردەڕەش و شارۆكەی زاخۆ دەستی پێ كرد.

چاندنی  نەمام لە سەنتەری شاری دهۆك و گێڕانی ئاهەنگێكی گەورە لە ناو بازاڕی شاری دهۆك لە گرنگترین چالاكییەكانی ئەمڕۆن بۆ یادی راپەڕین.

دهۆك /نەوزاد هلۆری






وشە - سلێمان تاشان