ستێفن هاوكینگ كێ بوو؟

:: AM:11:38:14/03/2018 ‌


ستێفن هاوكینگ گەورەترین زانای فیزیای دنیا و گەردوونناسی ناسراوی بەریتانیا لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو نووسەری پڕفرۆشترین ئەو كتێبانە بوو كە لە بواری بیردۆزی فیزیایی و گەردوونی بڵاو كراونەتەوە. ئەمڕۆ بنەماڵەی هاوكینگ لە بەیاننامەیەكدا هەواڵی كۆچی دوایی هاوكینگیان ئاشكرا كرد و نووسییان، "بە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە رای دەگەیەنین كە ئەمڕۆ باوكی ئازیز و خۆشەویستمان كۆچی دوایی كرد."

هاوكینگ توێژەر و لێكۆڵەرێكی ئەوەندە گەورەیە كە خەڵكی دنیا بۆ سەدان ساڵی تر دەتوانن سوود لە میراتە زانستییەكەی ئەو وەربگرن. ئەو تەنیا زانا نەبوو، بەڵكو كەسێكی زۆر بوێر و زیرەك بوو كە بووبووە نموونەیەكی زیرەكی و توانایی بۆ هەموو خەڵكی دنیا. بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" زۆر لەو میدیا و رۆژنامانەی هەواڵی مردنی هاوكینگیان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەیان بەو خاڵە كردووە كە هاوكینگ ناودارترین و گەورەترین زانا و توێژەری سەردەم بووە.

ئەو تەنیا بە تیۆری و بیردۆزییەكانی ناناسرێتەوە، بەڵكو لە ناو كولتووری گشتی خەڵكی دنیادا كەسێكی خۆشەویست بوو و قسە خۆشەكانی ئەو بووبوونە مایەی دڵخۆشی خەڵك، چەندان فیلم و زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و ئەنیمەیشن لەسەر ئەو كەسایەتییە دروست كراون. سەرەڕای ئەوەی دەمێكە هاوكینگ بە دەستی نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، بەڵام تا كۆچی دوایی كرد لە چالاكییەكانی بەردەوام بوو.

هاوكینگ لە كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢ لە دایك بوو. ئەو خاوەنی گەورەترین پێگەی زانستی لە زانكۆی كمبریج و براوەی گەورەترین خەڵاتی ئازادیی ئەمەریكا بوو كە بە كەسێكی ناسەربازیی درابێت.

لە ناو ئەو كتێبانەی هاوكینگ نووسیونی ژمارەیەكیان بە شێوەیەك نووسراون كە خەڵكی ئاساییش لێیان تێدەگات. "مێژووی گەردوون" لە مێهبانگ تا چاڵە ڕەشەكان" لە ناسراوترین كتێبەكانی هاوكینگن كە بە زمانێكی ساكار نووسراون. ١٠ ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە، ٢٠ ساڵە دووبارە چاپ و بڵاو دەكرێنەوە و بۆ سەر زۆربەی زمانەكانی دنیا وەرگێڕاون.

"پڕۆژەی گەورە" كتێبێكی تری هاوكینگە كە بە هاوبەشی لیۆناردۆ مێلۆدینۆف، زانای ئەمەریكی نووسراوە. ئەو رۆژەی ئەو كتێبە بڵاو كرایەوە بووە دووەم كتێبی پڕفرۆشی ئامازۆن لە بەریتانیا و دوای ماوەیەكی كورت لە پلەی یەكەمی پڕفرۆشترین كتێبەكانی نیویۆرك تایمز جێی گرت.

لە دوایین مانگەكانی ژیانیدا، هاوكینگ زۆر گەشبین نەبوو بە داهاتووی مرۆڤایەتی. ئەو ساڵی رابردوو گوتی "هێشتا مرۆڤ چاوچنۆك و گەمژەیە."

بەگوێرەی "بی بی سی" ئەو گەردوونناسە لە كۆمەڵێك شت نیگەران بوو كە وڵاتە پێشكەوتووەكان ئەنجامیان دەدا، یەكێك لەوانە بریتی بوو لە هۆشی دەستكرد بۆ بەرهەمهێنانی چەك، هەروەها  پیسبوونی ژینگەی زەوی و پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتووانی دنیا.

دوو ساڵ لەمەوبەر لە وتارێكدا كە لە زانكۆی ئاكسفۆرد پێشكەشی كرد، گوتبووی "لە بیرتان نەچێت سەرتان بەرز بكەنەوە و سەیری ئەستێرەكان بكەن نەك پێیەكانی خۆتان."

هاوكینگ لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا تووشی جۆرێك نەخۆشی دەبێت و پزیشكان دوای پشكنین پێیان وا بوو هاوكینگ زۆر ناژیت و دوای ماوەیەكی كورت گیان لە دەست دەدات. هەڵبەت ئەو ئیفلیج كەوت و تەنانەت توانای قسەكردنیشی لە دەست دا، بەڵام دوای چەند ساڵێك بە پشتبەستن بە ئامێرێك كە بیركردنەوە و قسەكانی ئەوی بۆ دەنگ دەگۆڕی دووبارە توانی قسە بكات.

لە رووی فكرەوە هاوكینگ هیچ بڕوایەكی بە خوا نەبوو و هەموو ئەوانەی لەبارەی ئاینەكان لە دنیادا هەن رەت دەكردەوە. ئەو لە شوێنێك دەڵێت "پێش ئەوەی ئێمە لە زانست تێبگەین، شتێكی سروشتی بوو ئەگەر بڕواشمان بەوە هەبووبێت كە دنیا و گەردوون لە لایەن كەسێكەوە دروست كراوە، بەڵام ئەمڕۆ زانست پێشكەوتووە و شتی ترمان پێ دەڵێت."

هاوكینگ پێی وابوو ئەو چاڵ و كونە رەشانەی لە ئاسمان هەن، دەتوانن زانیاری لەسەر هەموو ئەو شتانە كۆ بكەنەوە كە دەكەونە ناویان.

پرسیارێك كە هەموو كات جێی پرسیاری زانایانی فیزیا بووە ئەوە بووە كە كاتێك شتێك لە ئاسمانەوە دەكەوێتە ناو ئەو چاڵانە، شتەكە لە رووی فیزیایییەوە چ گۆڕانكارییەكی بەسەر دێت. سەرەتا وا بیر دەكرایەوە كە هەمووی ئەوانە لە ناو دەچن، بەڵام هاوكینگ سەلماندی كە ئەمە پێچەوانەی فیزیای كوانتۆمییە. تەنانەت هاوكینگ گوتی. "لەوانەیە هەرگیز ئەو زانیارییانە نەچنە نێو چاڵەكەوە بەڵكو لە لێواری چاڵەكە بمێننەوە."

چاڵی رەش یان كونە رەشەكانی ئاسمان ئەو شوێنانەن كە هێزی موگناتیسی تێیاندا ئەوەندە بەهێزە كە هەر شتێك بچێتە ناو چاڵەكە، ئەوا هەرگیز نایەتە دەرەوە تەنانەت تیشكیش كە دەگاتە ناوییەوە لە ناو دەچێت.

بەڵام هەندێك یاسای فیزیایی هەن كە دەڵێن دەكرێت هەموو شتێك بۆ زانیاری بێتە گۆڕین كە بریتییە لە سیستەمی یەك و سفر، هەمان ئەو سیستەمەی لە كۆمیپوتەردا زانیارییەكانی لێ دروست بوون. بۆچوونی هاوكینگ ئەوەبوو هیچ كاتێك زانیاری ناچنە ناو چاڵە رەشەكانەوە.




وشە - سلێمان تاشان