سیخوڕێكی دووسەرە ناكۆكییەكانی رووسیا و بەریتانیا دەگەیەنێتە لووتكە

:: PM:01:28:14/03/2018 ‌


رۆژ دوای رۆژ پێوەندییەكانی رووسیا و بەریتانیا ئاڵۆزیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و هەردوولا باڵوێزی یەكتری بانگهێشت دەكەن. بەریتانیا لە هەوڵی ورووژاندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە دژ بە رووسیا لەسەر كەیسی سكریپال و هەڕەشەی كشانەوە لە جامی جیهانی 2018 دەكات كە بڕیارە مانگی حوزەیران لە رووسیا بەڕێوەبچێت، رووسیاش وێڕای ئەوەی دووپات لەسەر دەستوەرنەدانی دەكاتەوە، داوا لە لەندەن دەكات راپۆرتی جۆری ئەو گازەی بۆ رەوان بكات.

تەقینەوەی كەیسەكە و بە نێودەوڵەتیبوونی
كەیسی كوژرانی سكریپاڵ بە گازی ژەهراوی لە كەیسی كوژرانی هاووڵاتییەكی ئاسایی ناچێت بەهۆی ئەوەی ناوبراو سیخوڕێكی دووسەرە بووە و لەناو هەواڵگری رووسیا ماوەیەكی زۆر خزمەتی بە هەواڵگری بەریتانیا كردووە و دەیان دۆسیەی زۆر نهێنی داوەتە بەریتانیا.

دوای ئاشكرابوونی دەگیرێت، بەڵام بەریتانیا بەرانبەر بە گەورەترین ئاڵوگۆڕی سیخوڕ بە سیخوڕ ساڵی 2010 ئازادی دەكات، هەفتەی رابردوو لە هێرشێكدا بە گازی نۆڤۆڤیچ خۆی و كچە 33 ساڵانەكەی كوژران.

بەریتانیا لەسەر ئەو پرسە رای دەگەیەنێ كە هەموو بژاردەكان كراوەن ئەگەر لە لێكۆڵینەوەكان سەلمێنرا رووسیا دەستی لەو كارە هەیە. هەریەك لە ئەمەریكا و فڕەنسا و ئەڵمانیاش ئامادەیییان نیشانداوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەریتانیا بكەن دژ بە رووسیا.

لە نوێترین هەڕەشەدا، بەریتانیا رای گەیاند ئەگەری هەیە وڵاتەكەی بەشداری لە جامی جیهانی 2018ی رووسیا نەكات.

پرسی كوژرانی سكریپاڵ، پەردەی لەسەر چەندان هەوڵی تیرۆركردن هەڵدایەوە، لەوانە كوژرانی ئەلكساندەر لیتڤینینكۆ بە مادەی بۆلۆنیۆمی تیشكدەر ساڵی 2006 لەلایەن رووسیا، دوای ئەوەی بەكرێگیراوە رووسەكە وڵاتەكەی جێهێشت و لە لەندەن نیشتەجێ بوو، ماوەیەكی زۆریش وەك ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كاری كرد. لیتڤینینكۆ لە یەكێك لە هوتێلەكانی لەندەن لەو كاتەی لەگەڵ ئەندری لۆگۆفۆی بەكرێگیراوی رووسی و دیمتری كوفتون بازرگانی رووسی خەریكی خواردنەوەی چا بوو، دواتر بە ژەهراویبوون گیانی لەدەستدا.

لە نامەیەكدا كە لە نووسینگەكەی خۆی دۆزرایەوە، تێیدا نووسیبووی كە ڤلادیمێر پوتین فەرمانی بە كوشتنی من داوە، بەڵام كرملین رەتی كردەوە.

لە 23ی ئاداری 2013، بۆریس پیریزوڤسكی بازرگانی رووسی كە لەلایەن دادگای رووسیا داوا كرابوو، لە ماڵەكەی خۆیدا لەناو گەرماودا بە لەسێدارەدان گیانی لە دەستدابوو. هەروەها لە مانگی كانوونی یەكەمی 2014، سكۆت یونگ یاریدەدەری پیریزوڤسكی لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەكدا لە لەندەن كەوتە خوارەوە و مرد.

لە ماوەی رابردوودا دەیان كەسایەتیی رووس لەوانە رۆژنامەنووس و شارەزایانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سیاسی لە رەوشی نادیار و نەزانراو كوژراون، لە 2015 میكائیل لیسین بەڕێوەبەری پێشتری راگەیاندنی كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی بە مردوویی لە یەكێك لە هوتێلەكانی واشنتن دۆزرایەوە، هەر هەمان ساڵ بۆریس نیمستۆڤ كەسایەتی سیاسیی رووسی نزیك كرملین بە چەك كوژرا دوای ئەوەی چەند سەعاتێك پێش كوژرانی داوای خۆپیشاندانی كردبوو دژ بە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا. لە مانگی تەمووزی 2016 بافل شیریمیت رۆژنامەنووس بە بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلەكەی لە كییفی پایتەختی ئۆكرانیا كوژرا.

هەڕەشەكانی بەریتانیا
دوێنێ سێشەم، تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی لەسەر دۆسیەی سكریپاڵ و یولیای كچەكەی كە هەفتەی رابردوو لە سالزبۆری باشووری بەریتانیا كوژران، رای گەیاند كە ئەوان هەردووكیان هاووڵاتیی بەریتانین و بە ژەهری جۆری نۆڤۆڤیچ كە جۆرە ژەهرێكی كیمیایی زۆر بەهێزە.

مای پەنجەی تۆمەتی بۆ رووسیا درێژكرد و رای گەیاند، رووسیا هێرشێكی راستەوخۆی بۆ سەر وڵاتەكەمان ئەنجام داوە لە رێی ئەو ژەهرە زۆر مەترسیدارە. بۆیە پێویستە مۆسكۆ لە ماوەی 24 سەعات وەڵامێكی باوەڕ پێكراو بداتە لەندەن كە دەستی نەبووە لە رووداوەكە. گوتی "ئەگەر وەڵامێكی باوەڕ پێكراومان دەست نەكەوت، ئەوا وەها لێكی دەدەینەوە كە كارەكە هێرشێكی نامەشرووعی رووسیایە و دژ بە بەریتانیا".

بەگوێرەی مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان، بەریتانیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات، ئەمەش باشترین پەرژینی یاسایییە بۆ هەر كارێك بەریتانیا دژ بە رووسیا ئەنجامی بدات.

مای رای گەیاند كە وڵاتەكەی رێوشوێنی زۆر توندتر لەوەی لە كەیسی كوژرانی ئەلكساندەر لیتڤینینكۆ ئۆپۆزسیۆنی رووسیا كە ساڵی 2006 لە بەریتانیا كرایە ئامانج، دەگرێتەبەر.

لای خۆیەوە دۆمینیك راب وەزیری نیشتەجێكردنی بەریتانیا لە دیمانەیەكی لەگەڵ "بی بی سی"ی رای گەیاند، هەر وەڵامێكی ناڕازیكەری رووسیا لەسەر ئەو دۆسیەیە، ئەوا بەریتانیا دەستكراوە دەكات لە گرتنەبەری هەر بژاردەیەك لەوانە گەمارۆی ئابووری و دارایی و دیپلۆماسی، هاوكات پێنەدانی ڤیزای گەشتیش دەگرێتەوە هاوشێوەی سزاكانی ئەمەریكا دژ بە رووسیا.

 جێی بیرخستنەوەیە دۆسیەی سێرگی مانیسكی فەرمانبەر لە فەرمانگەی باجی رووسی ساڵی 2009 لە گرتووخانەیەك لە مۆسكۆ گیانی لە دەستدا، دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی رووسیای ئاشكرا كرد كە خۆیان باج نادەن بە حكوومەت.

راب ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە مای سەرۆك وەزیران وشەكانی گوتارەكەی زۆر بە وردبینی دەستنیشان كردووە و پێویستیش ناكات ناتۆ لەسەر ئەو پرسە ئێستە بێتە دەنگ.

لای خۆیەوە بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رای گەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی كردووە و هاوڕێیانی لەندەن لە پاریس و واشنتن و بەرلین ئامادەی هاوئاهەنگییان بۆ لەندەن نیشانداوە، لەوانە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا، زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.

هاوكات گافین ولیامسون وەزیری بەرگریی بەریتانیا رای گەیاند، ئێستە هیچ وڵاتێك بە بارتەقای رووسیا هەڕەشە نییە. هەر لەسەر ئەو پرسە، لە گوتارەكەیدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی مای رای گەیاند، حكوومەتەكەی بیر لەوە دەكاتەوە كە رێ بە بەرپرسانی بەریتانی و كەسایەتی و جەماوەر نەدات بەشداری لە جامی جیهانی 2018ی رووسیا بكەن، ئەگەر سەلمێنرا رووسیا دەستی هەبووە لە كوشتنی سكریپاڵ.

تەنانەت زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەگەری بایكۆتكردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لە جامی جیهانی كراوەیە، بەڵام پێدەچێ بەریتانیا ئەو هەنگاوە نەگرێتەبەر چونكە لەم كاتەدا راستەوخۆ بێبەش دەبێت لە مۆندیالی 2022ی قەتەریش.

هەڵوێستی وڵاتان
دوای رووداوەكە، وێڕای هاوسۆزی و نیگەرانی واشنتن ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ هەموو هاوكاریی و هاوئاهەنگییەك لەگەڵ نزیكترین هاوپەیمانی.

ریكس تیلرسن كە شەوی رابردوو لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دوورخرایەوە، لەسەر ئەو كەیسە رای گەیاندبوو كە رووسیا راستەوخۆ لە پشتەوەی ئەو رووداوەیە، چونكە ئەو مادەیەی لە كوشتنی سكریپاڵ بەكارهاتووە، لای هەموو كەسێك و دەوڵەتێك نییە، بەڵكو هەموومان دەزانین كە چەند وڵاتێكن ئەو مادە بكوژە مەترسیدارەیان هەیە، بۆیە هاوئاهەنگی نەكردنی رووسیا لەو دۆسیەیە، ئەوا پێوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا بەرەو خراپتر دەچێت.

هاوكات سارە هاكابی گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا رای گەیاند، بەكارهێنانی وەها مادەیەكی بكوژ دژ بە هاووڵاتییانی بەریتانیا و لەسەر خاكەكەی خۆیشی، جێی تووڕەیی كۆشكی سپییە.

كۆشكی سپی لە بەیاننامەكەی وێڕای ئامادەیی هاوئاهەنگی بۆ بەریتانیا، بەڵام پەنجەی تۆمەتی بۆ رووسیا درێژ نەكردووە كە لە پشتەوەی ئەو رووداوە بێت.

لای خۆیەوە هاوپەیمانی ئەتڵەسی "ناتۆ" و یەكێتی ئەوروپا پشتگیریی وڵاتەكانیان بۆ بەریتانیا دژ بە هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل راگەیاند.

گای فیر هوفچات نوێنەری بریكست لە یەكێتیی ئەوروپا رای گەیاند كە لە ریزی گەلی بەریتانیا دەوەستینەوە و با بۆ هەموو لایەك روون بێت هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێكی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ، وەك ئەوە وایە هێرش بكرێتە سەر هەمووان.

هاوكات نوربرت روتغن سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا رای گەیاند، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا دژ بە رووسیا بوەستنەوە ئەگەر ئامادە نەبوو هاوكار بێت لە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.گوتی "ئەڵمانیا پشتگیریی هەر بڕیارێك دەكات كە بەریتانیا لەسەر ئەو دۆسیەیە بیدات".


هەڵوێستی رووسیا
دوێنێ سێشەم، بە فەرمی رووسیا وەڵامی هەڕەشەكانی تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای دایەوە و رای گەیاند، ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ رووسیا لەسەر كەیسی كوژرانی سكریپال، پڕوپووچە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، وڵاتەكەی وەڵامی بەریتانیا دەداتەوە و یارمەتیشی دەدات ئەگەر لەندەن بە فەرمی داوا بكات بەشداری لێكۆڵینەوە ببێت لە هەوڵی كوشتنی سكریپاڵ و كچەكەی، رەتی كردەوە وڵاتەكەی پێوەندیی هەبێت بە رووداوەكە.

لەسەر ئەو پرسە مۆسكۆ بانگهێشتی باڵوێزی بەریتانیای لە مۆسكۆ كردووە و رەخنەی لە هەڕەشەكانی بەریتانیا هەبووە.

لەسەر هەڕەشەكانی لەندەن، لاڤرۆڤ دەڵێ پێش ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا 24 سەعات مۆڵەت بداتە مۆسكۆ كە بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت، ئەوا دەبێت لەندەن پابەندی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان ببن لەوانە پەیماننامەی چەكی كیمیایی.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رەخنەی توندی لە گوتارەكەی تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گرت كە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی پێشكەشی كردبوو، دەڵێ ئەوەی مای گوتوویەتی هەڵمەتێكی پڕوپاگەندەی میدیایی سیاسیی نوێیە لەسەر بنەمای گێچەڵ داڕێژراوە دژ بە مۆسكۆ.

زیاتر گوتی "پێش ئەوەی لەندەن چیرۆكی نوێ هەڵبەستێت، دەبێت قسە لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دۆسیەی هەریەكە لە لیتڤینینكۆ، پیریزۆڤسكی، پیریپیلیچنی و زۆرێكی تر بكات كە لەسەر خاكی بەریتانیا لە رەوشێكی گوماناویدا گیانیان لە دەستداوە".

هەر لەسەر ئەو پرسە، مۆسكۆ بانگهێشتی لۆری بریستاو باڵوێزی بەریتانیای كردووە، لاڤرۆڤ بە بریستاوی راگەیاندووە كە وڵاتەكەی ئامادەی هەموو هاوئاهەنگییەك هەیە و وڵاتەكەشی لەو رووداوە بێتاوانە.

هەر لەو دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی رووسیا بە فەرمی داوای لە بەریتانیا كرد نموونەیەك لەو گازەی سكریپاڵی بێ كوژراوە بۆ مۆسكۆ رەوانە بكات، بەڵام هەر دەستبەجێ لەندەن داواكەی مۆسكۆی رەتكردەوە.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا داوای لە بەریتانیا كرد لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكات تا بزانن چی روویداوە، دواتر قسەیەكی لێ دەكەین.

گوتەبێژی كۆشكی كرملینیش رای گەیاند كە هێشتا بە فەرمی بەیتانیا مۆسكۆی لەسەر ئەو كەیسە تۆمەتبار نەكردووە.

سكریپال كێیە؟
سكریپاڵ (تەمەن 66ساڵ)، سیخوڕێكی دووسەرەی بەریتانی و رووسی بووە، دەزگەی هەواڵگری بەریتانی لە ریزی هەواڵگری رووسی چاندوویەتی. سكریپاڵ لە ریزی هەواڵگری رووسی پلەی بەرزكرایەوە تا گەیشتە عەقید و ساڵی 2006 ئاشكرا دەبێت و دێتە گرتن و حوكمی 13ساڵ زیندانی بەسەردا دەدرێت دوای ئەوەی بە "خیانەتی گەورە" تۆمەتبار كرا بە فرۆشتنی زانیاری بە دەزگەی هەواڵگری بەریتانی و ئاشكراكردنی دەیان سیخوڕی رووسی لە وڵاتانی رۆژئاوا كە بەهۆیەوە زیانی زۆر گەورە بەر رووسیا كەوتووە.

سكریپاڵ ساڵی 2010 لە گەورەترین ئاڵۆگۆڕی سیخور بە سیخور لە نێوان رووسیا و بەریتانیا ئازادكرا و لەگەڵ كچەكەی یولیا گەڕێنرانەوە بۆ بەریتانیا لە سەردەمی دیمیتری میدڤیدیڤ.

سكریپاڵ لە نێوان چوار سیخوڕی رۆژئاوایی بوو كە رووسیا بەرانبەر بە ئازادكردنی سیخوڕەكانی ئازادی كردن و دوای گەڕانەوەشی بۆ بەریتانیا، لە شارۆكەی سالزبۆری باشووری بەریتانیا نیشتەجێ بوو، تا هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشێك بە گازی ژەهراوی خۆی و كچەكەی كوژران.

كوژرانی سكریپاڵ دۆسیەی مردنی لیودمیلای ژنی و ئەلكسەندەری كوڕیشی هێنایەوە گۆڕێ، كە خێزانەكەی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە ساڵی 2012 گیانی لەدەستدا و كوڕەكەشی ساڵی رابردوو لە سانپترس بۆرگ لە رووسیا مرد.

گازی نوڤۆڤیچ چییە؟
سكریپال و یولیای كچی، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی و پۆلیسی بەریتانیا بە گازی نۆڤۆڤیچ هێرشیان كراوەتەسەر.

گازی نۆڤۆڤیچ، یەكێكە لەو گازە بكوژانەی كە لە كۆتاكانی جەنگی سارد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن یەكێتیی سۆڤیەتی جاران پێشخرایەوە و وەك چەكێكی بكوژ بەكاردەهێنرێت و هەشت هێندەی مادەی (vx) مەترسیدارترە و پێشتر بەكار نەهێنراوە بۆ هیچ كردەوەیەكی كوشتن و لەناوبردن.

دوای رووداوەكە و لە لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكانی پۆلیسدا دەركەوتووە، جۆرە گازێكی زۆر كوشندە بەكار هاتووە، پاشان دەزگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بەریتانی لە رووداوەكەی كۆڵیوەتەوە و رای گەیاند، ژەهری نۆڤۆڤیچ بەكارهێنراوە، بەڵام هێشتا دیار نییە كێ ئەو گازەی بەكارهێناوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان بێت، یولیای كچی هەفتەی رابردوو لە مۆسكۆ گەڕاوەتەوە و چەندان دیاری بۆ هاوڕێكانی هێناوە، بەڵام نازانرێت ئەو گازەشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە یان نا!

بە قسەی كەسانی ناو چێشتخانە ئیتاڵییەكەی كە سكریپاڵ پێش مردنی نانی لێ خواردووە، دەڵێن سكریپاڵیان بینیوە هیچ نەخۆشییەكی جەستەیی پێوە دیار نەبووە، رەنگە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت بەهۆی كردەوەكانی.





وشە - فه‌رمان سادق