سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشكرای كرد، عەبادی لە جیاتی ئەوەی لە دەشتی نەینەوا كۆنگرەی ئاشتەوایی نیشتمانی ساز بكات، با ڕێگری لەو هەموو پێشێلكارییە بكات كە لەلایەن حەشدی شەعبی بەرانبەر بە پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا دەكرێ، هاتنیشی بۆ مووسڵ تەنیا بۆ خۆدەرخستنە لە میدیاكان و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە.
سەیدۆ چەتۆ سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كۆنفڕانسەی ئەمڕۆ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی لە نێوان پێكهاتەكان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەشتی نەینەوا ئەنجام درا، بە هیچ شێوەیەك ئامانجی كۆنفڕانسەكە بەدی نایەت و ئاشتی لە ناوچەكە جێگیر نابێ، عەبادی لەجیاتی هاتن بۆ دەشتی نەینەوا و خۆدەرخستن لە میدیا، با ڕێگری لەو پێشێلكارییانە بكات كە لەلایەن میلیشیاكانەوە دژی پێكهاتەكانی ناوچەكە ئەنجام دەدرێن، خەڵكی ناوچەكە سەدان ساڵە بەیەكەوە دەژین و هیچ گرفتێكیان نییە تا ئاشتەوایی لە نێوانیاندا بكرێت.
زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێ ژیانی پێكهاتەكان لە بەغدای پایتەختی عێراق بپارێزی، هاتووە ژیانی پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەوا دەخاتە بەرباس، ئەم كارە جیا لە پڕوپاگەندە كردن بۆ خۆی، هیچ تری لێ سەوز نابێت.
ئاماژەی دا، با لە شوێنی بەستنی كۆنفڕانس، سەرۆك وەزیران دەشتی نەینەوا ئاوەدان بكاتەوە و خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە بگەڕێنێتەوە و ژیانی خەڵكەكەی لە دەستی حەشدی شەعبی بپارێزێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە مووسڵ و لە دەشتی نەینەوا كۆنفڕانسی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان ساز كرا. تێیدا عەبادی وتارێكی دوور و درێژی پێشكەش كرد و تیرۆر و مەزەوگەرایی وەك یەك بە مەترسی بۆ سەر عێراق هەژمار كرد.
هەولێر/بڵند ئیبراهیم.